تیمە تەكنیكییەكانی وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكانی كار و داناگاز، لە ماوەی تەنیا شەش كاتژمێردا پڕۆژەیەكی ستراتیژییان بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا جێبەجێ كرد، كە بریتییە لە بەستنەوەی بۆریی نوێی گازی كێڵگەی كۆرمۆر بە وێستگەی غازیی سلێمانی.
ئەمڕۆ هەینی 26ـی حوزەیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی كارەبا لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە گرنگەیان ڕاگەیاند. لە كاتی بەستنەوەی بۆرییە نوێیەكە و ڕاگرتنی كاتیی وێستگەی سلێمانی، وەزارەتی كارەبا پشتی بە وێستگەكانی دیكە بەستووە، بەمەش نەیهێشتووە ئەم پرۆسەیە كاریگەرییەكی ئەوتۆ بكاتە سەر ماوەكانی پێدانی كارەبای هاووڵاتییان.
ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی سلێمانی، و هەردوو وەزارەتیش دەستخۆشییان لە تیمە تەكنیكییەكانی خۆیان و كۆمپانیاكانی داناگاز و كار كردووە كە توانیویانە لە كاتێكی پێوانەییدا كارەكە بە سەركەوتوویی كۆتایی پێبهێنن.