ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید بە سیناریۆیەکی کۆمیدی خەڵکی کوردستانی خستووەتە پێکەنین، دوای ئەوەی پەیجی فەیسبووکەکەی وێنەیەکی داعشی تێدا بڵاو کرایەوە و ڕاگەیاندنی نەوەی نوێ ڕاستەوخۆ هاواریان کرد "پەیجەکەی شاسوار عەبدولواحید هاک کراوە". بەڵام چاودێران و خەڵکێکی زۆر دەڵێن، ئەمە تەڵەکەیەکی تەکنیکییە بۆ سڕینەوەی ئەرشیفی جوێن و قسە پۆخڵەکانی دوێنێی شاسوار دژی بافڵ تاڵەبانی.
ئەم جوڵەیەی شاسوار لە کاتێکدایە کە خەڵکێکی زۆر لە دژی وەستاونەتەوە و کەوتوونەتە گیانی و ڤیدیۆ و ئەرشیفەکانی ناو پەیجەکەی بڵاو دەکەنەوە کە قسەی بە سەرکردایەتیی یەکێتی دەگوت.
لەمبارەیەوە چاودێرێکی سیاسی بە ''وشە''ـی ڕاگەیاند: ئەم هاککردنە شانۆگەرییەکی سەرەتاییە، داعش کراوەتە پەردەیەک بۆ سڕینەوەی تفەکانی دوێنێی شاسوار، چونکە نەیدەتوانی بەو ئەرشیفە پڕ لە سووکایەتییەوە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدا دابنیشێت. پەیجی فەیسبووکەکەی پاک کرایەوە، بەڵام یادەوەریی خەڵکی کوردستان هاک ناکرێت کە چۆن تفی لە یەکێتی و سەرکردایەتییەکەی دەکرد.
ئێستە لە میدیاکان دەبینرێ کە خەڵک و چاودێران باس لەوە دەکەن، ئەو متمانە کەمەی هەشیانبوو، هەرگیز بەدەست نایەتەوە و لەپێش چاوی هەمووان رەشبوون، چونکە بازرگانییان بە دەنگی دەنگدەران کردووە.