ژینۆ محەمەد: قەوارەی كوردستان فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ سەقامگیری ناوچەكە و هاوسەنگیی هێز

:: PM:01:34:27/06/2026 ‌
تا دێت كاردانەوەكان دژی گوتارەكەی شاسوار عەبدولواحید فراوانتر دەبن، زۆرترین كەس دژی ئەو قسەیەی كە گوتی، "قەوارەی هەرێمی كوردستان هەڵدەوەشێتەوە" وەستاونەتەوە.  ژینۆ محەمەد هۆشداری تووند لەبارەی دروستكردنی ئالنگارییەكانی بەردەم پاراستنی قەوارەی هەرێم دەدات.


ژینۆ محەمەد سەركردە لە بەرەی گەل لە پلاتفۆرمی فەیسبووك لە وەڵامی لێدوانەكانی شاسوار عەبدولواحید ڕای گەیاند، قەوارەی هەرێمی كوردستان وەك بەرهەمی خەباتی دوای ساڵی 1991، لەبەردەم هەوڵێكی فرەڕەهەنددایە بۆ لاوازكردن، پاراستنی ئەم دەستكەوتە ئەركێكی نیشتمانییە و پێویستی بە ستراتیژێكی نوێی بەرگری هەیە.
ژینۆ محەممەد ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم قەوارەیە تەنیا یەكەیەكی كارگێڕی نییە، بەڵكو ئەنجامی قۆناغێكی مێژوویی گرنگە، بەڵام ئێستە بە ئاشكرا و نهێنی هەوڵی لەباربردنی دەدرێت.


ژینۆ محەمەد پەنجە دەخاتە سەر چوار كایەی سەرەكی كە كراونەتە ئامانج بۆ لێدان لە قەوارەی هەرێم و دەڵێت: "هەوڵەكانی لەباربردنی قەوارەی هەرێم لە چەند ئاستێكی جیاوازەوە پەیڕەو دەكرێن:

یەكەم،  كەمكردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەكان: هەندێك لایەنی سیاسی لە بەغدا بەردەوام هەوڵ دەدەن دەقی دەستووری عێراق بە ئاراستەی ناوەندگەرێتییەكی تووند بگۆڕن و دەسەڵاتەكانی هەرێم، كە لە دەستووردا چەسپێنراون، بە كردار كەم بكەنەوە.

 دووەم،  گوشاری ئابووری و دارایی: بەكارهێنانی مووچە و بوودجە وەك كارتی فشار، ستراتیژێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی هەرێم لە ڕووی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنەوە تووشی قەیران ببێت و متمانەی هاووڵاتییان بە قەوارەی سیاسییەكەیان كەم ببێتەوە.

 سێیەم تێكدانی سەقامگیری ناوخۆیی: دابەشكردنی ماڵی كوردی و قوڵكردنەوەی ناكۆكییە حزبییەكان، یەكێكە لە مەترسیدارترین ئەو هەوڵانەی كە ڕێگەخۆشكەرە بۆ دەستوەردانی دەرەكی و لاوازكردنی پێگەی هەرێم لە دانوستانەكاندا.

 چوارەم،  سیاسەتی بەكارهێنانی بڕیارە دادوەرییەكان: بەكارهێنانی دادگای فیدراڵی بۆ دەركردنی بڕیارگەلێك كە لە ئاستی كردەییدا بۆشایی لە دەسەڵاتەكانی هەرێم دروست دەكات، بووەتە ئامرازێكی نوێ بۆ تەنگپێهەڵچنین."


لەبارەی  گرنگیی مانەوەی ئەم قەوارەیە، ژینۆ محەمەد جەخت دەكاتەوە كە هەرێم تەنیا پەناگەیەك نییە بۆ كورد، بەڵكو گەرەنتییەكە بۆ پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ سەقامگیری ناوچەكە و هاوسەنگیی هێز، بەتایبەت دوای ئەو ڕۆڵە كارایەی لە شەڕی دژ بە تیرۆردا گێڕای.


لە كۆتایی قسەكانیدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: "هەر پاشەكشەیەك لە هێزی ئەم قەوارەیە، پێگەی كورد لە نەخشەی سیاسی ناوچەكەدا لاواز دەكات، پاراستنی ئەم ئەزموونە بەرپرسیارێتییەكی مێژووییە و نابێت ڕێگە بدرێت ئاستەنگەكان ئەم دەستكەوتە لەناو ببەن."



وشە - سۆران عەزیز