كاركردن لە كۆرنیشی هەولێر خێراتر كراوە، ئێستە كارەكان لە جووتسیایدی فەرمانبەران نزیك بووەتەوە، بەمەیش پڕۆژەكە دەگاتە شوێنی دروستكردنی دەریاچە ئاوەكە.
ئەمڕۆ شەموو 27ـی حوزەیران، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" كارەكانی دروستكردنی كۆرنیشی هەولێر، پردی ئاوێنەی شاری تێپەڕاند و بەمەیش لە شەقامی جووتسایدی فەرمانبەران نزیك بووەتەوە.
كارزان هادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، كارەكانی كۆرنیشی هەولێر هەنگاو بە هەنگاو كاری تێدا دەكرێت.
باسی لەوەش كرد كە لە وەرزی بەهار و زستاندا وەستان تێیدا بەهۆی زۆری بارانبارین بوو، ئێستە كارەكانی دەستی پێ كردووەتەوە.
كۆرنیشی هەولێر رێڕەوێكی ئاویی مێژووییە كە دەكەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، ئێستە حكوومەت كار لەسەر گۆڕینی دەكات بۆ پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری و ژینگەیی.
مێژووی دروستكردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1972 و وەك كەناڵێكی ئاوی دروست كرا بۆ پاراستنی شاری هەولێر لە مەترسیی لافاو، ئەو بەشەی ئێستە كاری تێدا دەكرێت، بە تەنیشت گەڕەكەكانی پێنجی حەسارۆك، گەلاوێژ و فەرمانبەراندا تێپەڕ دەبێت. لە خوارووی شەقامی سەرەكیی كۆیە و كەسنەزان دەست پێ دەكات تا گەڕەكی ژین لە باشووری شار درێژ بووەتەوە.
پڕۆژە نوێیەكە:
حكوومەت لەگەڵ كۆمپانیای تایبەتمەند و دیزاینەری ئیتاڵی پلانی داناوە كە ئەم ڕێڕەوە كۆنە پاك بكاتەوە، بیگۆڕێت بۆ ڕووبارێكی ئاوی شیرین كە ئاوەكەی لە زێی گەورەوە بە سێ دەریاچەدا دێت.
پێكهاتەكانی پڕۆژە گەشتیارییەكە كاتێك تەواو دەبێت:
* كەناڵی ئاوی شیرین و خاوێن لە جیاتی ئاوەڕۆ و پاشماوە كۆنەكان.
* سەوزایی و باخچەی گشتیی فراوان بۆ كات بەسەربردنی خێزانەكان.
* بازاڕ، كافتریا و چێشتخانە لەسەر درێژایی كۆرنیشەكە.
* یاریگە و شوێنی وەرزشی بۆ گەنجان و منداڵان.