پەروەردە كاروبارەكانی بە دیجیتاڵی دەكات

:: PM:04:40:27/06/2026 ‌
بەڕێوەبەری پەروەردەى ناوەندی هەولێر رای گەیاند، كە سیستمی ئیدارەدانی دۆسییەكانی فەرمانگەكەیان بە دیجیتاڵی كردووە و ئەوەیش هۆكارە كە كارئاسانی زیاتر بۆ هاووڵاتییان بكات. 

ئەمڕۆ شەموو 27ی حوزەیران، دلێر عەبدوڵا بەرێوەبەری پەروەردەی ناوەندی، بە "وشە"ی گوت، لە ژێر ڕۆشنایی و ڕاسپاردەكانی  مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەم، بۆ دیجیتاڵكردن و نوێكردنەوەی سیستەمی بەڕێوەبردنی داتا و زانیارییەكانی فەرمانگە حكومییەكان، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی هەولێر هەنگاوێكی گرنگی هەڵگرتووە لە بواری دیجیتاڵكردنی دۆسیەكان.

روونیشی كردەوە كە ئەم پرۆژەیە ماوەیەكە بە دەستی ناوخۆیی و لە لایەن فەرمانبەرانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی هەولێر، لە چوارچێوەی لێژنەیەكی تایبەتەوە دەستی پێ كردووە كە لە ماوەی جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا هەنگاوە گرنگ و كاریگەر ئەنجامدراون و تا ئێستە زیاتر لە پێنج هەزار و 700 دۆسیەی فەرمانبەران و مامۆستایانی قۆناغی ئامادەیی بە سیستەم كراون و زانیارییەكانیان بە شێوەی دیجیتاڵ تۆمار كراون.

هەروەها دووپاتی كردەوە كە بەپێی پلانە دانراوەكان، لە داهاتوویەكی نزیكدا تەواوی دۆسیەی سەرپەرشتیاران، مامۆستایان و فەرمانبەران دیجیتاڵ دەكرێن و هەموو زانیارییەكان بە شێوەیەكی پارێزراو و متمانەپێكراو دەخرێنە ناو سیستەمی E-Parwarda، كە ئەمەش یارمەتیدەری خێراتركردن، ڕێكخستن و پاراستنی زانیارییە فەرمییەكان دەبێت.

دووپاتی كردەوە كە ئەم هەنگاوە بە پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر و هاوكاریی ژمارەیەك لە دەزگا پێوەندیدارەكان دەستی پێ كردووە. هەروەها چاوەڕوان دەكرێت ئەم پرۆژەیە خزمەتگوزارییەكان بۆ سەرپەرشتیاران، مامۆستایان و فەرمانبەران باشتر و خێراتر بكات .

وشە/ فەیسەڵ محەمەد شێخانی 



وشە - وشه‌