پارتی داوا دەکات پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کێشەکان لەوێ چارەسەر بکرێن

:: PM:09:50:27/06/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 27ی حوزەیرانی 2026، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتییان و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پەرلەمانی کوردستان کرد.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەر لەدوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئاکامەکانی، لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و خەمخۆری بۆ بارودۆخی هەرێم، هەوڵەکانیان دەست پێ کردووە بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێم بەگوێرەی یاسای بەرکار.

مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕوونی کردووەتەوە، سەرەڕای پەیام و پێوەندی و هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆك بارزانی و پارتی بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە لە چارەسەری ئەو کێشانەی کە بەربەستن لە بەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی دەیەم، بە خستنەڕووی ژمارەیەک سیناریۆ و ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییەی ڕووبەڕووی پرۆسەی سیاسیی هەرێم بووەتەوە، ئەویش لە ڕێگەی کۆبوونەوەی دووقۆڵی و چەندقۆڵی، دەستپێشخەری، پێکهێنانی شاند، پەیام و سەردان، بەڵام بەداخەوە بەدەنگەوەهاتن و هەڵوێستی ئەرێنیی پێویست بەرچاو نەکەوت.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا دووپات کراوەتەوە، بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقییان دەخاتە ئەستۆ بۆ هەرچی زووتر دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەی ئێستە، کە جگە لە زیانگەیاندن بە هەرێم و ئەزموون و دەستکەوتەکان، بۆ هیچ لایەک سوودی تێدا نابینرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە، بۆیە کاتێک کۆبوونەوە و شاند و سەردان و پەیامەکان، هەروەها هەوڵەکانمان لە گواستنەوەی باس و گفتوگۆی کێشەکان لەسەر شەقام و ڕاگەیاندنەکانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بێ ئاکام بێت، فەرموون لایەنەکانی بەشدار لە پەرلەمان چ ئەوانەی کورسییان زۆرە و چ ئەوانەی کورسیی کەمتریان هەیە، پەرلەمان کارا بکەینەوە و پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵی پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، و هەموو لایەکمان پابەندی ئەو ڕێگەچارەسەرە بڕیارلێدراوەی پەرلەمانی کوردستان دەبین.


وشە - پۆڵا مەحموود