ئاراس شێخ جەنگی پەیامێكی بۆ حزبەكانی سلێمانی نارد

:: AM:09:15:28/06/2026 ‌
ئاراس شێخ جەنگی برازای مام جەلال پەیامێك ئاراستەی حزبەكانی سلێمانی دەكات و دەڵێت، بەدەنگ داواكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بچن و شەڕەكە ببەنە پەرلەمان.

ئەمڕۆ یەكشەم 28ـی حوزەیران، ئاراس شێخ جەنگی لە پەیامێكی بڵاوی كردەوە دەڵێت، حزبەكانی زۆری سەوز هیوادارم بەدەم پێشنیارەكەی پارتییەوە بچن بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان، ئیتر شەڕەكە ببەنە پەرلەمان، ئەگەر ئەتانەوێت خزمەت بە دۆزی كورد بكەن.

دەشڵێت، تكایە وام بۆ حساب بكەن ئەمەوێت وەك كوردێكی سادە كە ئەیەوێت ئەم هەرێمە بمێنێت و وێران نەبێت.

ئەو پەیامە لە كاتێكە لە ڕاگەیەنراوەكەدا مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتووە، هەر لەدوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و ڕاگەیاندنی ئاكامەكانی، لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و خەمخۆری بۆ بارودۆخی هەرێم، هەوڵەكانیان دەست پێ كردووە بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێم بەگوێرەی یاسای بەركار.

مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕوونی كردووەتەوە، سەرەڕای پەیام و پێوەندی و هەوڵە بەردەوامەكانی سەرۆك بارزانی و پارتی بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و نزیكبوونەوە لە چارەسەری ئەو كێشانەی كە بەربەستن لە بەردەم كاراكردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی دەیەم، بە خستنەڕووی ژمارەیەك سیناریۆ و ڕێگەچارەی گونجاو بۆ دەربازبوون لەو چەقبەستووییەی ڕووبەڕووی پرۆسەی سیاسیی هەرێم بووەتەوە، ئەویش لە ڕێگەی كۆبوونەوەی دووقۆڵی و چەندقۆڵی، دەستپێشخەری، پێكهێنانی شاند، پەیام و سەردان، بەڵام بەداخەوە بەدەنگەوەهاتن و هەڵوێستی ئەرێنیی پێویست بەرچاو نەكەوت.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا دووپات كراوەتەوە، بارودۆخی ناوچەكە بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقییان دەخاتە ئەستۆ بۆ هەرچی زووتر دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەربازبوون لەو دۆخە نەخوازراوەی ئێستە، كە جگە لە زیانگەیاندن بە هەرێم و ئەزموون و دەستكەوتەكان، بۆ هیچ لایەك سوودی تێدا نابینرێت.

لە كۆتایی پەیامەكەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە، بۆیە كاتێك كۆبوونەوە و شاند و سەردان و پەیامەكان، هەروەها هەوڵەكانمان لە گواستنەوەی باس و گفتوگۆی كێشەكان لەسەر شەقام و ڕاگەیاندنەكانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بێ ئاكام بێت، فەرموون لایەنەكانی بەشدار لە پەرلەمان چ ئەوانەی كورسییان زۆرە و چ ئەوانەی كورسیی كەمتریان هەیە، پەرلەمان كارا بكەینەوە و پەرلەمانتاران لە ناو هۆڵی پەرلەمان بەرپرسیار بن لە ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی بەرهەمدار و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، و هەموو لایەكمان پابەندی ئەو ڕێگەچارەسەرە بڕیارلێدراوەی پەرلەمانی كوردستان دەبین.



وشە - رامیار جەواد