فراکسیۆنی پارتی پاڵپشتی لە هەنگاوەکانی عەلی زەیدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکات

:: PM:11:09:28/06/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 28ی حوزەیرانی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پەیامێکدا پشتیوانیی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاران دەربڕی، و هیوای خواست ئەم هەڵمەتە تەنیا لە بەغدا کورت نەبێتەوە، بەڵکوو هەموو شارەکانی عێراق بگرێتەوە و بەبێ جیاوازی لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکرێت.

لە پەیامەکەیدا، فراکسیۆنی پارتی ڕای گەیاند، پشتیوانی و پێشوازیی خۆمان بۆ ئەو هەنگاوە یاساییانە ڕادەگەیەنین کە لەلایەن عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بە هاوکاری و پاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە حكوومییەکان، بە ئاراستەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گرتنی کەسانی تێوەگلاو نراون، هیوادارین ئەم پرۆسەیە تەنیا لە بەغدا کورت نەبێتەوە، بەڵکوو سەرجەم پارێزگا و شارەکانی تری عێراق بگرێتەوە.

فراکسیۆنی پارتی لە عێراق دووپاتی لەسەر گرنگیی هاوئاهەنگیی تەواو لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری کردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا دەڵێت، لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیمانەوە، ئامادەییی تەواوی خۆمان بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەک نیشان دەدەین، چ لەسەر ئاستی حكوومەتی فیدراڵی و چ لەسەر ئاستی ناوخۆییی پارێزگاکان، لەپێناو پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان و چەسپاندنی سەروەریی یاسا.

ئاماژەی بەوەش داوە کە "هاووڵاتییان شایستەی پاکسازیی کارگێڕی و گێڕانەوەی مافە بەفیڕۆدراوەکانیانن، و لەسەر ئەم بنەمایەش، جەخت لەسەر پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ هەر گەندەڵکارێک بەبێ جیاوازی دەکەینەوە."


وشە - پۆڵا مەحموود