تەواوی گیراوانی لالەزار لە گرتووخانەی كانی گۆمە مانگرتنیان لە خواردن راگەیاند، بڕیاریان داوە بەردەوام بن تا دۆسیەكەیان بەپێی داواكاریی خۆیان جێبەجێ دەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم 29ـی حوزەیران، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" تەواوی گیراوانی لالەزار لە گرتووخانەی كانی گۆمە مانگرتنیان دەست پێ كردووە.
ئەوەیش زانراوە، مانگرتنەكە بەردەوام دەبێت تا سەرجەم داواكارییەكانیان جێبەجێ دەكرێت.
ڕۆژی یەكشەمی رابردوو "وشە" بڵاوی كردەوە، دۆسیەی گیراوانی لالەزار گەیشتووەتە دەست دادگای تێهەڵچوونەوە، ئەو نووسراوانەی تێدا نییە كە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمەوە هێنراون بۆ ناردنی دۆسیەكە.
هاوشانی ئەم پێشهاتانە، بەپێی چەند بەڵگەنامەیەكی فەرمی كە لە سەرۆكایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەرچوون، دادگا چەند بڕیارێكی بۆ رەوانەكردنی دۆسیەكان دەركردووە.
لە نووسراوێكدا بە ژمارە (255) لە یەكی شوباتی 2026 بە واژووی سەرۆكی دادگا محەمەد مستەفا مەحموود، دووپات كراوەتەوە لەسەر ناردنی گشتیی پەڕاوی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە تۆمەتباران لاهوور جەنگی بورهان، برایان ویڵسن، دڵشاد عەبدوڵا حەمە، شەرام رەفیق ئەمین، پۆڵاد جەنگی بورهان و هاوڕێكانیان، ئەم داواكارییە لە نووسراوێكی تری دواتریشدا لە 19ـی نیسانی 2026 بە واژووی عەبدولجەبار عەزیز حەسەن دووپات كراوەتەوە.
لە نووسراوێكی تردا لە 29ـی نیسانی 2026، دادگای پێداچوونەوە داوای كردووە تەواوی دۆسیەی گشتیی تایبەت بە تۆمەتباران لاهوور جەنگی بورهان و پۆڵاد جەنگی بورهان و هاوڕێكانیان، بۆ كاری پێویست رەوانەی بەردەستیان بكرێت.
دواین نووسراوی فەرمی لە 19ـی ئایاری 2026، ئاماژە بە فراوانبوونی لیستی ئەو كەسانە دەكات كە دۆسیەكانیان داوا كراون بۆ پێداچوونەوە، تێیدا ناوی چەندان كەسایەتیی تر هاتووە، لەوانە: رێنوارد زریان فەتاح، رێبوار حامید خالید، ئاراس حەمەعەلی، پێشەوا حەسەن خدر، بۆتان مستەفا حوسێن، رێبوار قودرەت، كەیوان حەمەد عەبدوڵا، سەربەست مینا حەمەد، رەمەزان حوسێن عەزیز و عومەر شێخە عەبدوڵا.
ئەوەی جێگەی پرسیاری پارێزەكانیان بووە ئەوەیە، ئەو نووسراوانەی تێدا نییە كە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمەوە هێنراون بۆ ناردنی دۆسیەكە.