كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ كاروباری ئابووری لە عێراق بە كۆتا هات، كە بە ئامادەبوونی شاندێكی حكوومەتی كوردستان و بەسەرپەرشتی فالح ساری وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان بە وەكالەت بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجوومەنی كاروباری ئابووری چەند بڕیارێكی دەكرد كە بریتین لە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش بۆ پشكنینی سنوورەكان، واتە لیژنەیەك لە نێوان دەستەی دەروازە سنوورییە فیدراڵییەكان و نوێنەرانی لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی فیدراڵ و هەرێم پێكدەهێنرێت، ئەركی ئەم لیژنەیە ئەنجامدانی رووپێوی تەواوە بۆ شریتی سنووری و سەردانیكردنی دەروازە و خاڵە سنوورییە نافەرمییەكانی هەرێم، تا راپۆرتێكی تێروتەسەل پێشكەش بە ئەنجوومەنەكە بكەن لەسەر ئەو دەروازانەی مەرجەكانیان تێدایە و ژێرخانیان هەیە بۆ ئەوەی بكرێنە فەرمی، هەروەها داخستنی ئەو دەروازە و خاڵانەی كە شیاو نین.
هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری كوردستان و عێراق، رەشنووسێكی یەكگرتوو تایبەت بە لێخۆشبوون و داشكاندنە گومرگییەكان ئامادە دەكەن، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە پەسند دەكرێت و گشتاندنی بۆ دەكرێت بۆ سەرجەم دەروازە سنوورییەكان تا كاری پێ بكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بەرزكردنەوەی پێشنیازەكانی هەردوولا بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، لەبارەی میكانیزمی كۆكردنەوەی داهاتەكان لە دەروازە سنوورییەكانی سەربە هەرێمی كوردستان كرا.