"ئەوانەی ئێستە چوون بۆ بەغدا بۆ سوڵح و شەفاعەتی گەندەڵی چوون"

:: PM:05:29:29/06/2026 ‌
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ‌، ئەوانەی ئێستە چوون بۆ بەغدا بۆ ئەوەیە شەفاعەت بۆ گەندەڵییەكانی خۆیان و برا و دەوروبەرەكەیان بكەن تا لەو هەڵمەتەی دەست پێ كراوە نەگیرێن. 

هەریەكە لە شاسوار عەبدولواحید و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ دەست پێ كردنی هەڵمەتی گرتنی گەندەڵكاران خۆیان گەیاندە بەغدا، هەرچەندە ئەوان باس لە بوونی كۆبوونەوەی فەرمی دەكەن، بەڵام بە بڕوای پەرلەمانتارێكی پێشوو ئەوانە بۆ شەفاعەت چوون. 

ئەمڕۆ دووشەم 29ی حوزەیران، حەسیبە گەردی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، ئەوانەی ئێستە چوون بۆ بەغدا بۆ ئەوەیە شەفاعەت بۆ خۆیان و برا و دەوروبەرەكەیان بكەن تا لە هەڵمەتی گرتنی گەندەڵكاران پارێزراو بن. 

ڕوونیشی كردەوە كە ئەركی حكوومەتی عێراقە رووبەڕووی گەندەڵكاران ببێتەوە، ئەوەیش ترسی لای هەندێك سەركردە و بەناو سیاسیی دروست كردووە، بۆیە ئەمڕۆ بە پەلەپەل خۆیان گەیاندە بەغدا تا شەفاعەت بكەن. 

گەردی دووپاتی كردەوە، روونە ئەوانە كێن لە گەندەڵی تێوەگلاون بۆیە زیاتر مشاوەش بوون بەو هەڵمەتە و هەرچی لە دەستیان بێ‌ دەیكەن بۆ ئەوەی پارێزراو بن.

ئەوە لە كاتێكدایە كە پێشتر باسی برایەكی شاسوار عەبدولواحید دەكرا كە لە بەغدا مافی خەڵكی خواردووە و قوباد تاڵەبانیش بۆ پەردەپۆشكردنی گەندەڵییەكانی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەوانەی كە ناویان هاتووە لەناو ئەو حزبەدا خۆیان گەیاندووەتە بەغدا.


وشە - وشه‌