جێگری سەرۆكی لیژنەی دەسپاكی لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێز و یەكگرتوو و پاڵپشتی هەبێت، هەمان چاكسازی و دژایەتی گەندەڵی بەشێوەیەكی فرەوانتر بە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەم 29ی حوزەیران، سەعید هەركی جێگری سەرۆكی لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمانی كوردستان /خولی پێنجەم/ بۆ، "وشە" گوتی، ئەو ئۆپەراسیۆنەی دژی گەندەڵی لە عێراق دەكرێت گرنگە، گەڕاندنەوەی داهات و پارە دزراوەكانی عێراق نەك تەنیا بۆ ئەوێ بۆ كوردستانیش سوودی زۆری هەیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، ئەگەر ئەوە بكرێت بە بەرنامە و بڕگەی كارنامەی حكوومەت، دەكرێت بەردەوامی پێ بدرێت وەك ئەوەی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی كوردستان لەسەر بنەمای چاكسازی پێشتر دروست بوو.
هەركی باسی لەوە كرد، دژایەتی گەندەڵی پێویسی بە زەمینە رەخساندن هەیە، بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئیرادە و یەكگرتوویی لە نێوان پارتی و یەكێتی هەبێت، ئۆپەراسیۆن و هەڵمەتی لەوە گەورەتر بە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەكرێت وەك ئەوەی لە پێشوویشدا چەندان هەنگاوی لەوبارەیەوە ناوە.
سەعید هەركی لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا سەرنجی خستە سەر ئەوەی، كە دژایەتی گەندەڵی لەسەرە گەورەكانەوە دەبێت دەست پێ بكرێت ئەوەی عێراق وەك هەنگاوی یەكەم گرنگە و دەكرێت ئامانجەكەی بپێكێ.
جێی بیرهێنانەوەیە ماوەی دوو ڕۆژە هەڵمەتێكی دژایەتی گەندەڵكاران لە عێراق دەستی پێ كردووە، تا ئێستە باس لە گرتنی زیاتر لە 50 كەس دەكرێت كە زۆرینەیان پەرلەمانتاری عێراق و بەرپرسی سیاسین.
جێی ئاماژەیە كە لە سەرەتای كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك چاكسازی نرا، بەتایبەت لە دەروازە سنوورییەكان و مووچەی پلەباڵاكان و چەندان هەنگاوی تر.
تا ئەو ڕادەی گەیشتە دروستكردنی هێزی تایبەت بۆ پاراستنی دەروازە سنوورییەكان، بەڵام هەر ئەو كاتە یەكێتی رێگری كرد و رێگەیان نەدا هێزێكی تایبەتی حكومی چاودێری دەروازەكان بكات.
لەسەر لێدان بە بەرژەوەندی گەندەڵكارانیش ئەوكاتە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، ئەوانەی لە چاكسازییەكان لە بەرژەوەندییان دراوە دژایەتی دەكەن.
هەر ئەمڕۆیش گوتەبێژی حكوومەتی عێراق لەسەر هەڵمەتەكەیان سوپاسی هەڵوێست و كردارتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە هاوكار بوون بۆ گرتنی ئەوانەی ناویان لە لیستی گەندەڵكاراندا هەیە.