نامۆ ئەحمەد ڕۆژنامەنووسی ناسراوی سلێمانی، لە پەیامێکدا پاڵپشتیی خۆی بۆ هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دژی گەندەڵی دەربڕی، هاوکات هێرشێکی توندی کردە سەر شاسوار عەبدولواحید و بە دووڕوویی لە پرسەکانی گەندەڵیدا تۆمەتباری کرد.
لە پەیامەکەیدا، نامۆ ئەحمەد ڕای گەیاندووە کە هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی، هەنگاوێکی بوێر و دروستن. هیوای خواستووە کە ئەم هەڵمەتە تەنیا لە هێڵی سێیەمی گەندەڵکاراندا نەمێنێتەوە، بەڵکوو دەست بۆ هێڵەکانی یەکەم و دووەمیش ببات تا ڕیسوا ببن و سزای خۆیان وەربگرن.
سەبارەت بە کاردانەوەی هەندێک لایەنی ناوخۆیی، ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەی توند لە شاسوار عەبدولواحید دەگرێت و دەڵێت، نمایشێکی زۆر قێزەون دەکەن و دەیانەوێت وەک فریشتەیەک خۆیان پێشان بدەن، لە کاتێکدا ڕابردووی خۆیان لەبیر کردووە. ئاماژەی بەوەش داوە کە شاسوار زۆر جار بە شێوازێکی بازاڕییانە دەردەکەوێت و گلەیی لە حوکمڕانی دەکات و بە نادادپەروەر و گەندەڵیان ناو دەبات.
نامۆ ئەحمەد پرسیار لە شاسوار دەکات و دەڵێت، لە کاکی سیدی فرۆشی جاران و سیاسەتمەداری ئێستە دەپرسم، لە سایەی ئەم حوکمڕانییەدا کە لە بەغداوە سیدیت دەفرۆشت، ئەوەی ئێستە خاوەنیت بەو کەسابەتە کردووتە یان لە سایەی حوکمڕانیی ئەو دەسەڵاتەوە بوو کە ئێستە تانەی لێ دەدەیت؟
هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە ئایا بە سیدی فرۆشتن دەبیتە خاوەنی زەوییەکی گەورەی وەک چاڤیلاند و پڕۆژەی گەشتیاری، و خاوەنی هەر سێ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی گوندی ئەڵمانی یەک، دوو و سێ، لەگەڵ کورد سیتی یەک و دوو، و نالی سیتی، بێجگە لە خاوەندارێتیی چوار کەناڵی تەلەڤزیۆنی و شتی تریش کە تا ئێستە نەزانراون.
لە کۆتاییدا ئەو ڕۆژنامەنووسە دووپاتی دەکاتەوە کە شاسوار بەئاشکرا دەڵێت ئامادە نییە پارەی کارەبا، ئاو و باج بدات، بۆیە دەپرسێت، کەواتە ئێستە دەتوانیت ڕوونی بکەیتەوە کە کێ گەندەڵە و کێ دزی دەکات و کێش لە خۆیەوە هەڵدەتۆقێت؟.