بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم لە ڕێوڕەسمێكی فراواندا لە بارەگای دەڤەری یەك، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر چاودێریی هێزەكانی هاوپەیمانان، یەكگرتنەوەی فەرماندەیی دەڤەرەكانی پێشمەرگە بەفەرمی ڕابگەیەنرێت. بەرپرسێكیش دەڵێت، هەموو ئامادەكارییەك كراوە.
هێزەكانی دەڤەری یەك و دوو، دوو هێزی پێشمەرگەن كە تا ئێستە تێكەڵ نەكراون و نەبوونەتە بەشێك لە سوپای هێزی پێشمەرگە. چەندان ساڵە هەوڵ دەدرێت، بەڵام بەهۆی هەلومەجی سیاسیی كوردستانەوە پرۆسەكە زۆر دواكەوت.
ئەمەریكا زۆر رژد بوو لەسەر ئەوەی كوردستان هێزێكی یەكگرتووی سەربە وەزارەتی پێشمەرگەی هەبێت، لەگەڵ هاوپەیمانانیدا بۆ ئەمە زۆر یارمەتیی كوردستانیان دا، بەپێی زانیارییەكان مەرجیشیان بۆ هاوكاری رێكخستنەوە و یەكگرتنی ئەو دوو هێزە بوو.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ "وشە" گوتی، یەكخستنەوە و تێكەڵكردنی ئەو دوو هێزە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، مەرج و بنەمایەكی سەرەكییە بۆ بەردەوامیی پاڵپشتی و هاوكارییەكانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، وەك بەشێك لە پرۆسەی ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و لە ژێر چاودێریی هێزەكانی هاوپەیمانان، ئەمڕۆ قۆناغی یەكەمی یەكگرتنەوەی فەرماندەیی دەڤەرەكانی یەك و دووی پێشمەرگە ڕادەگەیەنرێت.
پێشتر بە ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكووومەتی هەرێمی كوردستان، لیژنەیەكی باڵا بۆ ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە پێكهێنراوە. ئەركی سەرەكیی ئەم لیژنەیە دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی كارگێڕی، دارایی و یاسایی فەرماندەی دەڤەرەكانە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سیستماتیك بخرێنە ژێر چەتر و فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگە.