وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، پرۆسەی رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و دووپاتی لەوەش كردەوە، پرۆسەی چاكسازی كۆتایی نەهاتووە و بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەم 30ـی حوزەیرانی 2026، شۆرش ئیسماعیل رای گەیاند، "مەشقێكی هاوبەش كە لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بۆ هەردوو دەڤەری یەك و دوو رێكخراوە، لە بارەگای دەڤەری یەك دەست پێ دەكات و چەند رۆژێك دەخایەنێت، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگ و پڕ بایەخە بۆ پێشخستنی تواناكانی پێشمەرگە."
ئاماژەی بەوەش دا، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان پێ دەنێنە قۆناغێكی نوێوە، كاتێك لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا و وەك یەك تیم كار دەكەن.
گوتیشی، هێزی پێشمەرگە تەنیا هێزە كە دەتوانێت بە تەواوی پارێزگاری لە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بكات.
دەشڵێت، هێزی پێشمەرگە زیاتر لە 100 ساڵە بەردەوامە لە بەرگریكردن لە خاك و خەڵكی كوردستان. هەرچەندە هێزەكانی پێشمەرگە بەهێزتر و ڕێكوپێكتر بن، هێندە زیاتر ئاشتی، ئارامی و ئاسایش بەرقەرار دەبێت.
وەزیری پێشمەرگە گوتیشی: توانیومانە زیاتر لە 95%ـی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ببڕین، ئێستە پێشمەرگە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و سوپاسالارەوە فەرماندەیی دەكرێت، "گرفت ماوە، بەڵام یەكخستنەوەكە دەستكەوتێكی گەورەیە".
لەلایەكی ترەوە فەرماندەی دەڤەری یەك فەریق نەجات عەلی گوتی، رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەزگاییبوون و نیشتمانیكردن، پرۆسەیەكی زۆر هەستیار و چارەنووسسازە.
دووپاتیشی كردەوە، ئەوان دەتوانن بە پاڵپشتی هێزەكانی هاوپەیمانان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم پرۆسەیە بە سەركەوتوویی بەرەوپێش ببەن.
فەریق نەجات عەلی ئاماژەی بەوە كرد، ئەمڕۆ كارمەندانی هەردوو فەرماندەییەكە كۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی لە ژێر سەرپەرشتیی هاوپەیمانان دەست بە مەشق و راهێنان بكەن.
"راوێژ و مەشقەكانی هاوپەیمانان سوودێكی زۆری بە هێزی پێشمەرگە گەیاندووە. روونیشی كردەوە، دۆخی ناوچەكە وا دەخوازێت لایەنی سەربازی و تەكنەلۆجیای هێزەكانیان پەرە پێ بدەن و گیانی وەفاداری بۆ نیشتمان لەناو ریزەكانیاندا بەهێزتر بكەن".
لەبارەی رۆڵی مێژوویی پێشمەرگە، فەریق نەجات گوتی، پێشمەرگە هەمیشە فاكتەری پێكەوەژیان و پاراستنی ئاشتی بووە، هیچ كاتێكیش نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ كەس و لایەنێك.
ئەو باسی لە گۆڕانی جۆری مەترسییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان كرد و رای گەیاند، هێرشە درۆن و مووشەكییەكان ئاماژەیەكی روونن بۆ ئەوەی جیا لە داعش، هەڕەشەی تریش لەسەر هەرێمی كوردستاندا هەیە.
فەریق نەجات داوای لە هاوپەیمانان و ئەمەریكا كرد پشتیوانیان بن لە دابینكردنی چەكی پێشكەوتوو بۆ بەرگریی لە قەوارەی هەرێمی كوردستان، چونكە بە گوتەی ئەو، لێهاتوویی پێشمەرگە لە دیاریكردنی هەڕەشەكاندا زۆر گرنگە.
لە كۆتایی قسەكانیدا فەریق نەجات عەلی دووپاتی لەوە كردەوە، ئامادەبوونی كارمەندانی هەردوو فەرماندەییەكە، نیشانەی ئەوەیە پێشمەرگە بەرەو یەكگرتووییەكی تەواو دەچێت.