دوای ئەوەی گوشارێكی زۆر لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە هەبوو كە لە حزبەكان جیا بوونەتەوە و بچنە ناو هاوپەیمانەیەتییەكەی یەكێتی و نەوەی نوێ، بەڵام ئەو هەوڵە شكستی هێنا.
ئەمڕۆ سێشەم 30ـی حوزەیران، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیانەی لە حزبەكان جیا بوونەتەوە، چوونە ناو هاوپەیمانیەتییەكەی یەكێتی و نەوەی نوێیان رەت كردەوە و وەڵامی كۆتاییان بەو دوو حزبە دا.
ئەوەیش زانراوە، ئەو گوشارانەی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە بوو، بەبێ ئەنجام كۆتایی هات و ئامادە نین بچنە ناو ئەو هاوپەیمانیەتییە.
هێرۆ عەتار ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە بەشێوەی سەربەخۆ كار دەكات رای گەیاند، داوام لێ كراوە كە كورسییەكەم بخەمە پاڵ لایەنێك، بەڵام من داواكارییەكەم رەت كردووەتەوە، چونكە كورسییەكەم ناخەمە پاڵ هیچ لایەنێك بۆ یارییە سیاسییەكانیان.
ئاماژەی بەوە كرد، من هیچ پێوەندییەكم بە كۆمەڵی دادگەرییەوە نەماوە، بەڵام خێزانەكەم هەر كۆمەڵی دادگەرین، بەڵام خۆم پەرلەمانتارێكی سەربەخۆی پەرلەمانی كوردستانم.
هاوكات بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دوو پەرلەمانتاری تریش كە مەیلی جیابوونەوەیان لە حزبێكی تر هەیە، بەهەمانشێوە رەتیان كردووەتەوە بچنە ناو ئەو هاوپەیمانیەتییە.