شاناز ئیبراهیم ئەحمەد تۆمەتەكانی گەندەڵی رەت دەكاتەوە

:: PM:11:30:30/06/2026 ‌
نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد روونكردنەوەیەكیان لەبارەی ئەو تۆمەتانە بڵاو كردەوە كە باس لە تێوەگڵانی لە گەندەڵی دەكەن.

لە روونكردنەوەی نووسینگەدا هاتووە، لە دوای هەوڵ و هەنگاوە بەردەوامەكانی حكوومەتی عێراق بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و گرتنی ژمارەیەك كەس بە تۆمەتی دەستدرێژیكردن بۆ سەر ماڵ و سامانی گشتی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەستخۆشی و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و دامەزراوە پێوەندیدارەكان دەردەبڕێت.

ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، لە ماوەی ڕابردوودا هەندێك كەناڵ، میدیا، پەیجی فەرمی و مۆڵەتپێدراو، جگە لە پەیجەكانی سێبەر، هەواڵ و بابەتێكی بێ بنەما و نادروستیان سەبارەت بە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بڵاوكردووەتەوە.

" لەبەر ئەوە، نوسینگەكە بۆ هەموو لایەكی ڕووندەكاتەوە كە ئەو هەواڵ و بابەتانە تەنها درۆ، بووختانن و هەوڵێكی بەردەوامن بۆ لێدان لە پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و هیچ بنەمایەكی ڕاستیان نییە" لە روونكردنەوەكەدا وا نووسراوە.

دووپات دەكەنەوە ئاگاداری هەموو ئەو كەناڵ، میدیا، پەیجە فەرمی و ئەكاونتە سێبەرانە دەكەنەوە لەكاتی  بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە بێ بنەما و تۆمەتانەدا، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پارێزەری تایبەتی ڕێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر و سكاڵای یاسایی لە دژیان تۆمار دەكرێت .



وشە - وشه‌