لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی هەولێر، رێگەی سەرەكیی سماقووڵی نۆژەن كرایەوە، ئێستە شوفێران دەتوانن بە ئاسانی هاتوچۆی تێدا بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم یەكی تەمووز، هونەر نووری بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، سەرەڕای كەمیی بودجە و نەبوونی پارەی پێویست بۆ نۆژەنكردنەوەی رێگەكان، لەسەر داوایەكی زۆری هاووڵاتییان و شوفێران، بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بەردەوامە لە پاراستنی رێگەكان و نۆژەنكردنەوەیان.
زیاتر گوتی، لە هەوڵێكی چڕوپڕدا لە چەند رۆژێك و بەچەند تیمێك و لە چەند شوێنێك، سەرجەم چاڵە بچووكەكان و گەورەكانی رێگەی سەرەكیی سماقووڵی، چاك كرایەوە و بە درێژیی رێگەكە نۆژەن كرایەوە.
بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر ئاماژەی بەوە كرد، چاككردنەوەی رێگەكە لەلایەن دوو تیمی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی قەزای كۆیەوە دەكرێت، چونكە رێگەكە لە نێوان دوو شارە و هەریەكەیان سنووری خۆی بۆ دیاری كرابوو.