وەزارەتی دارایی داهاتی حەوت ساڵی ڕابردووی گومرگ بڵاو دەكاتەوە

:: PM:12:12:01/07/2026 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داهاتی گومرك و دەروازەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019 تا كۆتایی ساڵی 2025 زیاتر لە نۆ ترلیۆن و 500 ملیار دینار بووە.

لە درێژەی بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی پەرتووكی كار و چالاكی و چاكسازییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی ( 2019 تا 2025) لە ژێر ڕۆشنایی ئەو چاكسازی و گۆڕانكارییانەی چەند ساڵی ڕابردوو لە گومرگ و دەروازەكان ئەنجام دراوە، كاریگەری بەرچاوی هەبووە لەسەر زیادبوونی جووڵەی بازرگانی و كەمبوونەوەی ڕۆتین و بەرجەستەكردنی شەفافییەت، بەپێی داتا و زانیارییەكان داهاتی حەوت ساڵی ڕابردووی گومرگ و دەروازەكان نزیكەی نۆ ترلیۆن و 547 ملیار و 323 ملیۆن دینار بووە.

ئێستە تیمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی سەرقاڵی جێبەجێكردنی سیستمی ئاسیكۆدایە لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی ڕێكخستن و یەكخستنی كاروباری گومرگی و ترانزێت لە سەرانسەری عێراق لە ژێر یەك سیستمی یەكگرتوودا.

لە گرنگترین ئەو چالاكی و چاكسازییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەكانی گومرگ و خاڵە سنوورییەكان جێبەجێی كردووە بریتین لە . 
 
1-بە ئەلیكترۆنیكردنی كاروباری دەروازەكان و گومرگی فڕۆكەخانەكان و بەستنەوەیان بە وەزارەتەوە ( ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ ، پەروێزخان...) هەروەها هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی فڕۆكەخانەی نیۆدەوڵەتی (هەولێر، سلێمانی).

2-پێداچوونەوە بە ڕسوومات و پێناسەی گومرگی بۆ بەشێك لە كاڵا و پێداویستییەكان بە هاوبەشی گومرگی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ.


3-پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی بەشێك لەو لێخۆشبوونە گومرگییانەی لە ماوەی ڕابردوودا بەدەر لە یاسا و ڕێنوێنییەكان كرابوون.

4-هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە حكوومییەكانی تر وەك وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و وەزارەتی كشتوكاڵ و دەستەی وەبەرهێنان، بەمەبەستی پشتیوانی ئەو پڕۆژانەی كە لە چوارچێوەی یاسای وەبەرهێنان جێبەجێ دەكرێت، بەمەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی و گەشەكردنی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان.


5-دانانی سیستمی ترانزێت بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكەن لە نێوان وڵاتانی ئێران، توركیا و سووریا و دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان. 

6-هەمواركردنەوەی ڕێنوێنیی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.


7-چالاككردنی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری گومرگی لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك بە ئامانجی ڕێگریكردن و كەمكردنی دیاردەی قاچاخ و سەرپێچی یاسایی بە هاوكاری لەگەڵ پۆلیسی گومرگ.


وشە - رامیار جەواد