توركمانەكان بایكۆتی رێككەوتنی زۆرەملێی یەكێتی و نەوەی نوێ دەكەن

:: PM:04:08:01/07/2026 ‌
سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی رای دەگەیەنێت، پێكهاتەی توركمان بە فەرمی بایكۆتی واژووكردنی ئەو ڕێككەوتنە زۆرەملێیە دەكەن كە بڕیارە لە نێوان یەكێتی و نەوەی نوێ ئەنجام بدرێت. پێی وایە ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ خزمەتی مەبەستە تایبەتەكانی شاسوار عەبدولواحیدە، گورزێكی كوشندە لە پەرلەمان و دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان دەدات.

 محەمەد ئیلخانی سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی رای گەیاند، بانگهێشتنامە بۆ حزبە توركمانەكان هاتووە، بەڵام وەك پارتی گەشەپێدانی توركمان و حزبە توركمانە هاوپەیمانەكان بڕیارمان داوە كە بەشداریی تێدا نەكەن، چونكە پێمان وایە ئەم ڕێككەوتنە نەك خزمەت بە هەرێمی كوردستان ناكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە زیانێكی زۆر گەورە بە قەوارەكە دەگەیەنێت. 

روونیشی كردەوە كە لە هەنگاوی یەكەمدا، شاسوار عەبدولواحید بەبێ هیچ شەرمێك لە بەرانبەر میدیاكاندا بوون و سەلامەتیی قەوارەی هەرێمی كوردستانی بەستووەتەوە بەم ڕێككەوتنە سیاسییەوە، لە كاتێكدا قەوارەی هەرێمی كوردستان زۆر لە حزبێكی سیاسی یا لە ڕێككەوتنێكی حزبی گەورەترە، بوونی هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی یاسایی و دەستوورییە نەك رێكەوتنی سیاسی.

"واژووكردنی ئەم ڕێككەوتنە لە قۆناغی ئێستە گورزێكی گەورە لە پرۆسەی سیاسی دەدات، چونكە دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دواكەوتنی دەستبەكاربوونی پەرلەمانی كوردستان، هۆكارەكەی ئەو گەمە سیاسییە ناشیرینەیە كە شاسوار عبدالواحید دەیكات، بەمەش بووەتە هۆكاری وەشاندنی گورز لە گەورەترین دامەزراوەی شەرعی و سیاسی و نیشتمانیی هەرێمی كوردستان كە پەرلەمانی كوردستانە"، ئیلخانی وای گوت.

دووپاتی دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان زۆر لە شاسوار گەورەترە و بە ڕێككەوتنێكی بچووكی وا لەناو ناچێت، پێكهاتەكان پارێزگاری لەم قەوارەیە دەكەن و ڕێگە نادەن بەرژەوەندییە باڵا و نەتەوەییەكانی خەڵك ببنە قوربانی مەرامی حزبی.



وشە - وشه‌