ئەندامانی بەرەی گەل داوا لە خەڵكی سلێمانی دەكەن كە چیتر بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت. ئەندامێكی بەرەی گەل دەڵێت، دڵنیام هیچ كەس ڕازی نییە لە حوكمی ئەم دوو برایە، ڕۆژانە دەیان كەس پێوەندی دەكەن، من هانی كەس نادەم تا خوێن بڕێژێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی تەمووز، هاوژین هادیەسوور ئەندامی دیاری بەرەی گەل دەڵێت، تكایە دۆستانم هاوڕێیانم ئەو بێدەنگییەی نواندتان بەرانبەر شەوی لالەزار، قەرەبووی بكەنەوە.
ئاماژە بەوەش دەكات، دڵنیام هیچ كەس ڕازی نییە لە حوكمی ئەم دوو برایە، ڕۆژانە دەیان كەس پێوەندی دەكەن، من هانی كەس نادەم تا خوێن بڕێژێت ، بەڵام زۆر گرنگە ڕێپێوانی گەورە ئەنجام بدرێت تا ئەم ڕژێمە خۆسەپێنە كۆتایی پێ بهێنرێت.
ئاماژە بەوەش دەكات، لە هەموو هێزە تەناهییەكانەوە پێوەندی دەكەن و دەڵێن، ئێمە ئەمن نین، ئێمە خزمەتكاری گەلین، فەرمان بكە تا ئەو ناوە لەسەر خۆمان لابدەین.
روونی كردووەتەوە، لە ژێر سایە و سێبەری جووتە برا، شاری ڕۆشنبیری بووەتە شاری خەسێنراو، تكایە لەمەودوا دەنگتان زیاتر زوڵاڵ بكەن، باوەڕ بكەن خەڵكی زۆر ترسنۆكم بینیوە، بەڵام بە وێنەی بافڵ و قوبادم نەبینیوە و من دەزانم چەند فشەكەرن.