ئەو كێڵگانەی بە ئاوی پیس سەوزە بەرهەم دێنن تێكدەدرێن

:: AM:11:49:02/07/2026 ‌
لە بازیان هەڵمەتێك بۆ لابردن و لەناوبردنی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانە دەستی پێ كردووە، كە بە ئاوی پیس و پاشەڕۆی كارگەكان ئاو دەدرێن.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، چەند وێنەیەكی بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، لە چەند ڕۆژی رابردوودا لە پێناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان لە سنووری شارۆچكەی بازیان، ئەفسەر و كارمەندانی بنكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بازیان، وەك یەكێك لەو لایەنانەی كە لە لیژنەی قایمقامییەتی بازیان بەشدار بوون لە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی بەرفراوان، بەمەبەستی لابردن و لەناوبردنی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەی كە بە ئاوی قورس و پاشەڕۆی كارگەكان ئاو دەدران، دەبوونە مەترسی بۆ سەر ژیان و تەندروستیی هاووڵاتییان.

ئاماژە بەوەش كراوە، هەڵمەتەكە بەردەوامە تا پاككردنەوە و لەناوبردنی سەرجەم ئەو شوێنانەی بە ئاوی قورس و پاشەڕۆی كارگەكان ئاو دەدرێن.



وشە - سۆران عەزیز