جیا لەو تاوانانەی كە لەسەری گیرابوو، هێشتا دۆسیەی تریش لەسەر شاسوار عەبدولواحید هەبوو كە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی رووت هەڕەشەی لە پەرلەمانتارەكانی پێشووی كردبوو، كە شادی نەوزاد یەكێك بوو لەو پەرلەمانتارانە.
كۆتایی ساڵی 2019 ئەو كاتەی نەوەی نوێ حەوت كورسیی پەرلەمانی هەبوو، بەڵام دواتر بوون بە سێ كەس دۆسیەیەكی تر سەری هەڵدا ئەوەیش هەڕەشەكردنی شاسوار بوو لە پەرلەمانتاران كە ئەگەر لە قسەی دەربچن ڤیدیۆی رووتیان بڵاو دەكاتەوە، كاتێك سەردانی ڤێلاكانی چاڤی لاندیان كردووە.
رووداوەكە ئەوكاتە كاردانەوەی گەورەی لێ كەوتەوە، قوربانی یەكەم شادی نەوزاد پەرلەمانتاری ئەوكاتەی نەوەی نوێ بوو، كە دواتر بوو بە سەربەخۆ ئەو كاتە وەك ژنێكی بوێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تەواوی هەڕەشەكانی بڵاو كردەوە و سكاڵایشی لەسەر شاسوار تۆمار كرد.
شادی نەوزاد بە ئاشكراكردنی نامەیەكی هەڕەشە پەردەی لەسەر كێشەكانی نەوەی نوێ هەڵدایەوە، ئەوكاتە شادی دووپاتی لە تۆماركردنی سكاڵا كردەوە بە تۆمەتی ئەوەی گوتی، "شاسوار و باندەكەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی رووتمان لێدەكەن".
بەپێی داواكارییەكی شادی نەوزاد كە لە رێكەوتی 2020/1/15 ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كرابوو، ھەمان رۆژ جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ھێمن ھەورامی بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رەزامەندی لەسەر داواكارییەكەی داوە و ئاراستەی بەڕێوبەرایەتیی كاروباری پەرلەمانی كردووە كە شادی نەوزاد لەسەر داوای خۆی وەك پەرلەمانتاری سەربەخۆ بەردەوام دەبێت لەسەر كارەكەی.
شادی نەوزاد ئەوكاتە گوتی، شاسوار عەبدولواحید خیانەتی لە خۆبەخشانی نەوەی نوێ كردووە و بە پێچەوانەی بەڵێنەكان، نەوەی نوێی كردووە بە كۆمپانیای بنەماڵە و كردوویەتی بە قوربانی سەفەقات و گرێبەستی بازرگانی.
ساڵی 2025 كاتێك شاسوار گیرا، شادی نەوزاد پارلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی كوردستان گوتی، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەسەر سكاڵایەكی من گیراوە.
ئەو روونی كردەوە كە، سكاڵاكەم لە ساڵی 2019ـەوە لەسەر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی ئابڕووبەرانە و ناوزڕاندن تۆمار كردبوو و ئێستە كەیسەكە گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و سزای شەش مانگ زیندانیكردن بەسەر شاسوار عەبدولواحید سەپێنراوە.
ئێستە پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا یەكێتی بە خستنەژێرباری شاسوار دۆسیەكانی شادی نەوزاد و ڤیدیۆ رووتەكانی شاسواریان داخستووە، چونكە وەك پێشتر عەلی حەمەساڵح لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بڵاوی كردەوە، دۆسیەكانی شاسوار بەو رێككەوتنەی لە زیندان كراوە دادەخرێت.
كاتی ئەوە هاتووە خەڵكی كوردستان پرسیاری ئەوە بكەن، ئەگەر شاسوار بازرگانی دەنگی دەنگدەرانی نەبێت دەتوانێ رۆڵی چیتر بگێڕێ، هەرچەندە بە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی خۆری خۆی و حزبەكەیشی ئاوا دەبێت.