نێچیرڤان بارزانی و محەمەد باقر قالیباف کۆبوونەوە

:: PM:12:05:03/07/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی سێی تەمووزی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە، هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ تاران، نیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، دەربارەی پەرەپێدانی پێوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و گرنگیی فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری و هاوئاهەنگیی هاوبەش بیروڕایان گۆڕییەوە، هەروەها پشتیوانیی خۆیان بۆ پێوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان هەردوولا لە سەرجەم ئاستەکاندا دووپات کردەوە.

بارودۆخی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکان، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو. لەمبارەیەوە هەردوولا دووپاتیان کردەوە لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش، ئارامی و سەقامگیری و پشتبەستن بە دیالۆگ و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشە و ئاڵۆزییەکان.

دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمەریکا بۆ ڕێککەوتن، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو. هەردوولا هیوای سەرکەوتنیان بۆ گفتوگۆ و هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ئارامی و سەقامگیرییەکی هەمیشەیی بۆ ناوچەکە خواست.


وشە - پۆڵا مەحموود