ئەنجوومەنی فەرمانبەران و مامۆستایانی گەرمیان
بە توندی ناڕەزایەتی بەرانبەر دواکەوتنی جێبەجێکردنی بڕیاری دابەشکردنی زەوی دەردەبڕن
و ڕایدەگەیەنن کە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بێ هۆکار پرۆسەکەیان دواخستووە لە کاتێکدا
حکوومەت بە فەرمی بڕیارەکەی دەرکردووە، هاوکات تا ناوەڕاستی ئەم مانگە مۆڵەت دەدەنە
شارەوانییەکان بە پێچەوانەوە هەڕەشەی بایکۆتی گشتی دەکەن.
ئەمڕۆ، سێی تەمووز، ئەنجوومەنی فەرمانبەران و
مامۆستایانی گەرمیان بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتییان ئاڕاستەی ڕای گشتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن
کرد، کە تێیدا هاتووە سەرەڕای ئەوەی حکوومەت بە فەرمی بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر
مامۆستایان و فەرمانبەراندا داوە، بەڵام دەسەڵاتداران و بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکە
بێ هیچ هۆکارێکی ڕەوا پرۆسەکەیان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ دواخستووە و تا ئێستە
هیچ پارچە زەوییەک لە سنووری کەلار، کفری و ڕزگاری دابەش نەکراوە.
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم جۆرە
مامەڵەیە نیشانەی بێباکی بەرپرسانی ناوچەکەیە بەرانبەر بەم چینە زوڵملێکراوە، بۆیە
مۆڵەتی کۆتایی تا ڕێککەوتی 15ـی تەمووز دەدەنە سەرۆکایەتی شارەوانییەکان بۆ ئەوەی
بە کرداری دەست بە ڕێکارەکان بکەن.
فەرمانبەران و مامۆستایانی گەرمیان هۆشداری دەدەن
کە ئەگەر تا ئەو بەروارە داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، دەرگای فەرمانگەکان دادەخەن
و بایکۆتی گشتی و خۆپێشاندانی سەرتاسەری ڕادەگەیەنن، چونکە چیتر پاساوە کارگێڕییە
بێ بنەماکان لای ئەوان بڕوای پێ ناکرێت و بەرپرسیارێتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراویش
لە دوای ئەو وادەیەوە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی ئیدارە و شارەوانییەکانی گەرمیان