لە هەولێر رێكخستنی نەوەی نوێ‌ نەما

:: AM:10:12:04/07/2026 ‌
دوای رێككەوتنی نەوەی نوێ‌ بەزۆر و پێدانی پەرلەمانتارانی بە یەكێتی، ئێستە ئەو حزبە هیچ رێكخستنێكی لە هەولێر نەماوە و ئەوەی هەیە چەند پەرلەمانتارێك و چەند لایەنگرێكە.

ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووز، رزگار حوسێن خۆبەخشی نەوەی نوێ‌، بە "وشە"ـی راگەیاند، نەوەی نوێ‌ لە رێگەی خۆبەخشانەوە سێ‌ هەڵبژاردنی بەڕێ كرد و ئێمە متمانەمان پێیان كرد، بەڵام بەداخەوە ئەوان ئێمەیان فرۆشت.

زیاتر گوتی، ڕێككەوتنی یەكێتی و نەوەی نوێ لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی كوردستاندا نییە، ڕێككەوتنی بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوورییە و لە كاتێكی ئاساییدا لە دایك نەبووە و بەزۆر كراوە، خۆشتان دەزانن لەو دوو رۆژە شتێك نەماوە بەناوی نەوەی نوێ‌ لە هەولێر.

باسی لەوەش كرد، ڕێككەوتنی گرتووخانە كاریگەریی لەسەر خزمەتگوزاریی نابێت، بەرژەوەندیی كەسی پێش بەرژەوەندیی گشتیی كوردستانیان خراوە، هیچ ئەندامێكی نەوەی نوێ‌ نازانێ ئەوەی لەناو رێككەوتنەكەیە چییە، چونكە ئەوەی واژوو كرا شتێكە و ئەوەی تر لە ژێر پەردە كراوە شتێكی ترە.

ئاماژە بەوەش دەكات، دڵگرانین لەو خیانەتەی شاسوار عەبدولواحید لێی كردووین كە بۆ ئازادی و پاراستنی سەرمایەكەی ئێمەی فرۆشت، رۆژێك دێت هەڵبژاردن دەكرێت و تۆڵەی لێ‌ دەكرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد