بڕیار وایە ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووز، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی خۆیدا بابەتی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان یەكلا بكاتەوە.
پێشتر هەرێمی كوردستان پابەند كرابوو كە 120 ملیار دیناری مانگانە وەك داهاتی ناوخۆ بدات بە بەغدا، بەڵام ئەو رێژەیە لەسەر داوای هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری تێدا دەكرێت، چونكە دەگوترێ داهاتی ناوخۆ كەمی كردووە.
پێش كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ ببەسترێ، سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە بەغدا، بە "وشە"ی گوت، گفتوگۆ لەسەر داهاتی ناوخۆی كوردستان دەكرێت، چونكە بڕوایەك لای وەزارەتی دارایی عێراق دروست بووە كە هیچ بڕە پارەیەكی جێگیر دانەنرێ، بەڵكو بەگوێرەی داهاتی كۆكراوە 50%ی رەوانە بكرێ.
سەرچاوەكە باسی لەوە كرد، جێگیركردنی بڕێكی دیاریكراو لە داهات زیان بە هەردوو حكوومەتی كوردستان و عێراق دەگەیەنێت، چونكە هەندێكجار داهات زۆر زیاتر دەكات لە 120 ملیار دینارەكە و هەندێك جاریش كەم دەكات، چارەسەری ئەو كێشەیەیش ئەوەیە كە ژمارەیەكی جێگیر دانەنرێ.
چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، بەڵام بەگوێرەی تەرازووی پێداچوونەوە و ئەو راپۆرتەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان ناردوویەتی دەبێت داهاتەكە رەوانە بكات یان لێبڕینی لێ دەكرێت.