لەو گوندەی سنووری كەركووك كە گومانی بوونی داعشی لێ دەكرێت و ئەمڕۆ داعشێك لەو سنوورە كوژراوە، شەش جار بە فڕۆكە بۆردمان كرا.
پەیامنێری "وشە" لە كەركووك پێی راگەیاندین، فڕۆكەیەك بۆ جاری شەشەم هێرشی ئاسمانیی كردەوە سەر ناوچەكانی قەرەسالم، چیاچەرمك و دەرماناو لە سنووری پردێ.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، تا ئێستە هیچ زانیارییەكی فەرمی لەسەر ئامانجی هێرشەكە یان قوربانی و زیانەكانی بڵاونەكراوەتەوە، و چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتە پێوەندیدارەكان دەكرێت.
جێی ئاماژە بۆ كردنە كە ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووز، سەرچاوەیەكی هەواڵگریی سەربازی، بە "وشە"ـی راگەیاند، ناسنامەی ئەو چەكدارەی داعش ئاشكرابوو كە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیك گوندی چیاچەرموك لە نێوان كەركووك بۆ پردێ، لەلایەن دژەتیرۆری عێراقییەوە لە رێگەی نیشانشكێنێكی هێزەكە كوژرا.
زیاتر گوتی، دوای كوشتنی ئەو چەكدارە، تەرمەكەی رادەستی بنكەی پۆلیسی پردێ كرا.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەو تیرۆریستەی كوژراوە ئەندامی رێكخراوی چەكدارانی داعش بووە بە ناوی فەلاح حوسێن محەمەد پەلج جبووری، لەدایكبووی ساڵی 1984، ناوی دایكی فەرەح عەتیە عەلییە و ناسراوە بە فەلاح فەراحە، هاوژینەكەی ناوی فەدا ویس دالییە، لە گوندی ئەلعەیسی سەربە شەرگات نیشتەجێ بووە، هاتوچۆی دەكرد لە نێوان كەركووك و شەرگات بۆ كاروباری رێكخراوەیی.