دوای ئەوەی عەلی حەمەساڵح هەڕەشەی لە دوو پەرلەمانتاری حزبەكەی كرد كە وازیان لێی هێناوە، یەكێك لەو پەرلەمانتارانە دەڵێت، عەلی حەمەساڵح هەڕەشە لە خۆم و منداڵە بێ باوكەكەم دەكات.
ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز، سازگار فەریق ئەندامی پەرلەمان لە لیستی هەڵوێست، لە وەڵامی عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتەكە دەنووسێت، عەلی حەمەساڵح هەڕەشە لە خۆم و منداڵە بێ باوكەكەم دەكات.
دەشڵێت، عەلی حەمەساڵح بیرتە 2018 جەنابت گۆڕانت بەجێ هێشت و شەش ئەندامیشت لەگەڵ خۆتدا جیا كردەوە، یان بیرتە 500 هەزار دەنگ و ئێمەی كەسوكاری شەهیدانی 17ـی شوباتت نائومێد كرد، لە یەكەم دانیشتندا دەنگت دا بە حكوومەت.
ئاماژە بەوەش دەكات، كاكی بەڕێز ئەو زمانە پڕ لە هەڕەشە و تۆمەتە بە پشتیوانی كێیە؟، ئەگەر حزبێكی دەسەڵات ئەو زمانەی تۆی بەكار بهێنایە، تۆ هەڵوێستت چی دەبوو.
ئەوە لە كاتێكدایە هەفتەی پێشوو عەلی حەمەساڵح لە چاوپێكەوتنێكی میدیایی رای گەیاند، پەرلەمانتارەكان لێم جیا ببنەوە، ئەوا دەیانشكێنم و چەندان لێدوانی تری توندی لەسەریان دا.