ئیحسان عەبدولڕەحمان: لە شەش مانگدا سێ هەزار و 565 سزادراو لە كوردستان ئازاد كراون

:: PM:01:34:06/07/2026 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان، ئاماری شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی سزادراوانی لەناو بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاكسازی خستە ڕوو و ڕای گەیاند، لە شەش مانگدا چوار هەزار و 94 سزادراو بۆ بەسەربردنی ماوەی حوكمەكانیان، هاتوونەتە ناو بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاكسازی، لە كاتێكدا سێ هەزار و 565 مامەڵەی ئازادبوونی سزادراوان ئەنجام دراوە و گەڕاونەتەوە ناو كەسوكاریان.

ئیحسان عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاماری سزادراوانی لەناو بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاكسازی گەوران و ژنان و منداڵان لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك بۆ شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ڕاگەیاند.

بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان گوتی، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا چوار هەزار و 94 سزادراو بۆ بەسەربردنی ماوەی حوكمەكانیان هاتوونەتە ناو بەڕێوەبەرایەتییەكانی چاكسازی، لە هەمان كاتدا سێ هەزار و 565 مامەڵەی ئازادبوونی سزادراوان ئەنجام دراوە و گەڕاونەتەوە ناو كەسوكاریان.

ئەوەشی خستەڕوو، 676 سزادراو بە مەرج ئازاد كراون، هاوكات مۆڵەتی چوونەوە ماڵەوەی سزادراوان 161 سزادراو بووە، سێ هەزار و 880 سزادراویش سوودمەند بوون لە خزمەتگوزاری ژوانگەی خێزانی.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 238 خولی راهێنان و سیمینار و وۆركشۆپ بۆ كارمەندان – سزادراوان ئەنجام دراون، لە هەمان كاتدا 73 گوتاری ئاینی لە ناو  چاكسازییەكان پێشكەش كراوە.

لەبارەی سەنتەرەكانی شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر، بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا، لە شەش مانگی ڕابردوودا 226 سزادراو لە گرووپەكان بەشدارییان كردووە و سوودمەند بوون لە چارەسەرە تەندروستیەكانی ئەم سەنتەرانە، 10 سزادراویش بە لێبوردنی تایبەت ئازاد كراون.

لەبارەی پرۆسەی خوێندنیش ئیحسان عەبدولڕەحمان رای گەیاند، 534 سزادراو لە ناو قوتابخانەكانی چاكسازی دەیانخوێند، لە هەمان كاتدا 35864 سەردان لەلایەن سزادراوانەوە بۆ كتێبخانەی چاكسازی كراوە.



وشە - سۆران عەزیز