دایكی ئەو پێشمەرگەیەی ساڵی رابردوو بەدەست خورشید لەتیف و براكەی شەهید بوو، داوایەك لە سەرۆكی حكوومەت دەكات.
ئەمڕۆ دووشەم شەشی تەمووز، نادرە برزۆ فڵامەرز دایكی شەهید فەلاح حەسەن ناسر كە ساڵی رابردوو لە كاتی ئاژاوەی خورشید لەتیف شەهید بوو، لە پەیامێكدا دەڵێت، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان من (نادرە برزۆ فڵامەرز) دایكی شەهید فەلاح حەسەن ناسر، كە پێشمەرگەی زێرەڤانی بوو لە 8-7-2025 لە كاتی بەجێهێنانی ئەركێكی یاساییدا، بەدەستی خورشید لەتیف و حەیدەری برایەوە شەهید كرا.
دەشڵێت، لەوكاتەوە بۆ ئێستە من ئۆقرەم لێ بڕاوە و ڕۆژ نییە سەردانی گڵكۆی كوڕە شەهیدەكەم نەكەم، تاوێك بۆ بێكەسیی خۆمان نەگریم و هەمیشە چاوەڕانی ئەوە بووم ڕۆژێك تۆڵەی كوڕەكەم بكرێتەوە و هەردوو تاوانباران بدرێنە دادگا، ئێستە خۆشبەختانە لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە هەردوو تاوانبار گیراون كە جێگەی خۆشحاڵیمانە، بۆیە داوام لە بەڕێزتانە وەك چۆن هەمیشە ئێوە پارێزەری یاسا بوونە، بەهەمانشێوە ببنە داكۆكیكارم و مافی كوڕە شەهیدەكەم بۆ وەربگرنەوە.
ئەو دایكە شەهیدە دەڵێت، داوا لە بەڕێزتان دەكەم لایەنە فەرمییەكان ڕاسپێرن كار لەسەر ئەو سكاڵایە بكەن كە لە دژی هەردوو تاوانبار تۆمارم كردووە، بۆ ئەوەی ئاهێك بەدڵمدا بێت و بچمە سەر گڵكۆی كوڕە شەهیدەكەم و پێی بڵێم، ئەوەتا كوڕی شیرینم نەگەیشتە ساڵێك لە شەهیدبوونت، تاوانباران گیران و مافت بۆ وەردەگرینەوە.