ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەغدا لەگەڵ فەریقی یەكەمی روكن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵا، سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق كۆبووەوە، بە مەبەستی تاوتوێكردنی ژمارەیەك دۆسیەی سەربازیی جێی بایەخی هاوبەش.
لە دیدارەكەدا، پێداچوونەوە بە دۆخی تەناهیی ئێستەی وڵاتدا كرا و باسیان لە ڕێگاكانی بەهێزكردنی هاوئاهەنگیی هاوبەش و هاریكاریی مەیدانی نێوان هێزە فیدراڵییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە كرد، بە تایبەتی لەو ناوچانەی كە بایەخی تەناهیی هاوبەشیان هەیە، ئەویش بە مەبەستی پڕكردنەوەی بۆشاییە تەناهییەکان و پاراستنی سنوورەكان.
هەردوولا دووپاتیان كردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوون و پەرەپێدانی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری بۆ ڕاوەدوونانی پاشماوەكانی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێكخراو، بە شێوەیەك كە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و سەپاندنی سەروەریی یاسا لە تەواوی ناوچەكانی وڵاتدا دەستەبەر بكات.
لەكۆتاییدا، هەردوولا ستایشی ئاستی هاریكاریی ئێستە و تەواوكاریی نێوان دەزگا تەناهیی و سەربازییەكانی حكوومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانیان كرد، و دووپاتیان كردەوە لەسەر پێویستیی یەكخستنی هەوڵەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییە جیاوازەكان و پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی كە بەهۆی قوربانییە هاوبەشەكانەوە هاتوونەتە دی.