زیاتر لە دوو سەرچاوە، ئەوەیان پشتڕاست كردەوە كە سبەی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان تەمویل دەكات، دوای ئەوەی كێشەی نەختێنەیی لە بانكی ناوەندی چارەسەر كراوە.
لەكاتی بەدواداچوونی "وشە" بۆ تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان زانیاری ئەوە گەیشت كە فالح ساری وەزیری دارایی عێراق یەكە ژمێریارییەكانی ئاگەدار كردووەتەوە سبەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان رەوانە بكەن.
ئەوە ئاشكرا كراوە كە تا ئەم ئێوارەیە كێشەی نەختێنەیی چارەسەر كراوە، بەڵام دووپات لەوە كراوەتەوە كە مووچەی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق نەدرێت تا مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بە تەواوی رەوانە دەكرێت.
هەمان سەرچاوە باسی لەوە كرد، پارەی تەواوی مووچە لە بەغداوە كە زیاتر لە 900 ملیار دینارە رەوانە ناكرێ، بەڵكو لێبڕینی 120 ملیار دینارەكەی لێ دەكرێت و دەبێت وەزارەتی دارایی پڕی بكاتەوە.
"وشە" چەند زانیارییەكی تری لەسەر گریمانەی گەیشتنی پارەی مووچە لە بەغدا وەرگرت ئەگەر سبەی بگات كەی مووچە دابەش دەكرێت، گەیشتە ئەوەی كە ئەگەر هەیە وەك خشتەی مانگی پێشوو بێت و تەنیا مووچەی توێژێك دوابكەوێ، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكرایەوە.