حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی گرنگ لە بەرژەوەندیی جووتیاران دەردەكات، ئیتر گەنمەكانیان لەلایەن چەند كۆمپانیایەك لێ وەردەگیرێت.
ئەمڕۆ سێشەم حەوتی تەمووز، بەرگەشت ئاكرەیی گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەپێی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و پاڵپشت بە فەرمانی ژمارە (1706 لە 14-6-2026)، بڕیارێكی نوێ بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیارانی بەرهەمهێنی گەنم لە هەرێمی كوردستان دەرچوو.
زیاتر گوتی، بەپێی بڕیارەكە، ڕەزامەندیی دراوە لەسەر كڕینەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن كۆمەڵێك كۆمپانیا و بازرگانی دەستنیشانكراوەوە، كە ئامادەیی خۆیان پێشان داوە بۆ كڕینەوەی بەرهەمەكان و هەناردەكردنیان لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە.
باسی لەوەش كرد، وەك دەستەی وەبەرهێنان داوا لە جووتیارانی بەرهەمهێنی گەنم دەكەین، بەمەبەستی هاوئاهەنگی و ڕێكخستنی ڕێكارەكانی چۆنیەتیی وەرگرتنی بەرهەمەكانیان، پێوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانەوە بكەن.
روونی كردەوە، دەستەی وەبەرهێنان لیستی ناوی بازرگان، كۆمپانیاكان، ژمارەی پێوەندی و شوێنەكانیانی بەپێی پارێزگاكان بڵاو كردووەتەوە بۆ كارئاسانیی جووتیاران.