بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ و كەمكردنەوەی بەفیڕۆچوونی خۆراك، وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ كونسوڵگە و وەزارەتی كشتوكاڵی هۆڵەندا، براندێكی نوێیان بۆ بەرهەمەكانی دەشتی بازیان ڕاگەیاند.
لە سنووری بازیان، هەڵكەوت عەبدوڕەحمان نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ و ژمارەیەك لە جووتیاران و كۆمپانیاكانی ناوچەكە لە كۆبوونەوەیەك ئامادە بوون. لە كۆبوونەوەكەدا براندی (Bazian Fresh Valley) بە فەرمی ناسێنرا، كە ئامانج لێی پاكێجكردنی تەماتە و خەیاری ناوچەكەیە بە شێوازێكی مۆدێرن و گەیاندنیان بە بازاڕەكان، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە كەمكردنەوەی ڕێژەی بەفیڕۆچوونی سەوزەكان و بەرزكردنەوەی بەهای ئابووریی بەرهەمەكان.
بەشێكی گرنگی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە دابینكردنی دڵنیایی بۆ هاووڵاتییان لە تەندروستیی بەرهەمەكان؛ لە میانی چالاكییەكەدا ئەنجامی تێست تاقیگەییەكانی ئەو بەرهەمانە بڵاو كرایەوە كە پێشتر لە هۆڵەندا ئەنجام درابوون، كوالێتیی بەرهەمەكانی بازیانیان پشتڕاست كردووەتەوە.
ئەم هاوكارییەی نێوان حكوومەتی هەرێم و هۆڵەندا، نیشانەی بایەخدانی نێودەوڵەتییە بە ژێرخانی كشتوكاڵیی كوردستان كە دەیەوێ لە ڕێگەی مۆدێرنكردنی زنجیرەی بەهای خۆراكەوە، پاڵپشتیی جووتیارانی نیشتمانی بكات و ئاسایشی خۆراك بۆ هاووڵاتییان دابین بكات.