سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر دەڵێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو نرخی یەك لیتر بەنزینی بازرگانی دادەبەزێت بۆ 875 دیناری عێراقی.
ئەمڕۆ سێشەم حەوتی تەمووز، جەنگی مەجید سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ڕۆژانە بڕێكی زۆر بەنزینی بازرگانی لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
زیاتر گوتی، بڕەكەی دیار نییە و بەپێی بەرهەمی رۆژانەیە، ئەگەر بەرهەم زۆر بێت، ئەوا زۆرتر هاوردە دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، پێشبینی دەكرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو، نرخی لیترێك بەنزینی ئەهلی بۆ 875 دیناری عێراقی دابەزێت.
روونی كردەوە، هەولێر ڕۆژانە پێویستی بە دوو ملیۆن لیتر بەنزین هەیە بۆ ئەوەی پێداویستی تەواوەتی هاووڵاتییان دابین بكرێت.
ئەوە لە كاتێكدایە ئێستە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاری داوە، كارئاسانیی زیاتر بكرێت بۆ ئەوەی بەنزین لە بازگەكان داخلی هەرێمی كوردستان بكرێت.