ئێران بە دیوار و تەل نێوانی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان دادەخات

:: PM:12:19:07/07/2026 ‌
كۆماری ئیسلامیی ئێران هێزی زیاتری ڕەوانەی سنووری باشوور و ڕۆژ‌هەڵاتی كوردستان كردووە، دەیەوێت سنوورەكەش بەدیوار و تەل جێگیرتر بكات.

ئێران لە سنووری  باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان هێزی زۆری جێگیر كردووە، خەریكی دروستكردنی دیوارە، تەلەبەندی ناوچەكەش دەكات.

لەگەڵ وەستانی شەڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل، كۆماری ئیسلامیی ئێران لە  نێوان پێنجوێن و مەریوان و بانە، هێزێكی زۆری جێگیر كردووە و بەپێی سەرچاوە خۆجێیەكانی ناوچەكە، بە دیوار و تەلبەند بەتەواوی نێوانی باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان دادەخات.

خەڵكی ناوچەی پێنجوێن بە "وشە"یان راگەیاند، بەیانووی هێزی پژاك و دیموكرات و كۆمەڵە، ئێران دەستی كردووە بە دابڕینی تەواوەتی هەردوو بەشەكەی كوردستان، جگە لە مەرزەكان هیچ رێگەیەكی بۆ هاتوچۆ نەهێشتووەتەوە.

ئەگەرچی 100 ساڵە ئەو دوو پارچەیە لە نێوان وڵاتانی داگیركەری كورد دابەش كراون و سنوورێكی دەسكردیان بۆ دانراوە، بەڵام خەڵكی ناوچەكە ئەو سنوورانەیان بەزاندووە و بەردەوام هاتوچۆیان كردووە و ژن و ژنخوازی هەبووە و پێوەندیی كۆمەڵایەتی بەردەوام بووە.

بەڵام ئێستە ئێران دەیەوێت هەردوو بەشەكەی كوردستان بەتەواوی لێكداببڕێت و جگە لە پچڕانی پێوەندیی خەڵكی هەردوو سنوورەكە، بەم هەنگاوە فشاری تەواوەتی خستووەتە سەر كۆڵبەرانیش.




وشە - سۆران عەزیز