پەكەكە گارە و مەتینا رادەستی توركیا دەكات

:: PM:02:26:07/07/2026 ‌
رۆژنامەیەكی عەرەبی ئاشكرای دەكات كە هێزەكانی "پەكەكە" دوو پێگەی سەربازیی گرنگیان بۆ سوپای توركیا چۆڵ كردووە، بەردەوامن لە چۆڵكردنی ئەو ناوچانەی پێشتر بەشەڕ و كوشتار گرتبوویان.

بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی "العربی الجدید" كە پشتی بە سێ سەرچاوەی كوردی بەستووە، دەیان چەكداری پەكەكە لە لووتكەی چیای گارە كشاونەتەوە كە دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی شاری دهۆك و 35 كیلۆمەتر لە سنوورەكانی توركیاوە دوورە، پاش كشانەوەكەش، راستەوخۆ هێزەكانی كۆماندۆی توركیا چوونەتە شوێنەكە و دەستیان بەسەردا گرتووە.

رۆژنامەكە دەڵێت، پێشتریش چەندان شوێنیان چۆڵ كردووە و سوپای توركیا گرتوونی، ئەو شوێنانە بەگیانی چەندان گەنجی كورد گرتبوویان.

 ئەوەی خستووەتە ڕوو كە رێككەوتنەكەیان ڕۆژی چوارشەمی یەكی ئەم مانگە جێبەجێ كراوە، ڕۆژی دواتریش چەكدارانی پەكەكە بە چەكە قورسەكانیانەوە، لە لاپاڵی چیایەك كشاونەتەوە كە دەڕوانێتە سەر شارەدێی بامەڕنی لە سنووری ئامێدی.

دووپاتی كردووەتەوە كە سوپای توركیا بە تەواوەتی دەستی بەسەر هەردوو پێگەدا گرتووە، پێشتریش چەندان پێگەی تری پەكەكە لە ناوچەكانی (سۆران، سیدەكان، حەفتەنین، زابی سەروو و .. هتد) بۆ سوپای توركیا جێهێڵرابوو.

پەكەكە لە 30 ساڵی رابردوودا بۆ گرتنی ئەو شوێنانە كە ناوی نابوون هەرێمی مەدیا، سەتان شەهیدی داوە و هەزاران برینداری بەخشیوە، بەڵام ئێستە بێ ئەوەی هیچ بەدەست بێنێت، چۆڵیان دەكات و سوپای توركیا دەچنە شوێنیان.

ئەو شوێنانەی چۆڵیان دەكات بەشی زۆریان خاكی باشووری كوردستانن، بەوەش وادەكات توركیا بەناوی پاراستنی سنوورەكانی و ئاسایشی ناوخۆی، زیاتر بچێتە ناو خاكی باشووری كوردستانەوە.



وشە - سۆران عەزیز