ئەمڕۆ ئیتاڵیا بەرزترین پلەی رێزلێنانی فەرمیی دەبەخشێتە نێچیرڤان بارزانی

:: AM:08:42:08/07/2026 ‌
ئیتاڵیا لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەم هەشتـی تەموەزی 2026، بەرزترین پلەی رێزلێنانی فەرمی دەبەخشێتە نێچیرڤان بارزانی.

رێزلێنانەكەی ئیتاڵیا پێنج پلەی سەرەكی هەیە و بۆ هەرپێگەیەك پلەیەك دانراوە، سوارچاك: پلەی یەكەم،  ئەفسەر: پلەی دووەم. فەرماندە: پلەی سێیەم. ئەفسەری باڵا: پلەی چوارەم. سوارچاكی خاچی گەورە: ئەمە بەرزترین پلەی نیشانەكەیە كە دەبەخشرێتە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

رێزلێنانەكە ئەمڕۆ لە هەولێر لە رێوڕەسمەكەدا نیكۆلۆ فۆنتانا باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق، بە نوێنەرایەتیی سێرگیۆ ماتەرێلا سەرۆك كۆماری ئیتاڵیا، (مێدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا) دەبەخشێتە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان. مێدالیاكە بەرزترین مێدالیای ئیتاڵیایە بۆ ئەو كەسانەی لە ژیاندان.

بۆ دیاریكردنی وەرگرانی ئەم مێدالیایە، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ژمارەیەك ناو پێشنیاز دەكات، دواتر ئەنجوومەنێكی پێنج كەسی تایبەت بە رێزلێنانەكە كەسێك یان كەسانی شایستە بۆ مێدالیا پێبەخشینەكە یەكلا دەكاتەوە، یەكێك لەو پێنج كەسە بەرپرسی پرۆتۆكۆلی دیپلۆماسیی سەرۆكایەتیی كۆمارە. 

ئەم خەڵاتە تەنیا بۆ بواری سیاسی نییە، بەڵكو بۆ رێزگرتنە لەو كەسانەی لە بوارەكانی زانست، تەكنەلۆجیا، چالاكییە مرۆییەكان، بازرگانی، كولتووری و هونەریشدا رۆڵی بەرچاویان لە پتەوكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیتاڵیادا گێڕاوە.

تا ئێستە لە ئاستی دنیادا ژمارەیەك كەسایەتیی ناسراو و كاریگەری جیهان و ئیتاڵیا لە بوارە جیاوازەكاندا، ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە.
 



وشە - سۆران عەزیز