ئەگەر لاهووریش وەك شاسوار خۆی رادەست بكردایە دەمێك بوو ئازاد كرابوو

:: AM:10:17:08/07/2026 ‌
بەبڕوای چاودێران، مانەوەی لاهوور لە گرتووخانە پێوەندیی بە خۆرادەستنەكردنیەوە هەیە و پێیان وایە، ئەگەر لاهووریش وەك شاسوار خۆی رادەست بكردایە، دەمێك بوو ئازاد كرابوو.

لە ماوەی رابردوودا دوو سەركردەی دوو هێزی سیاسی لەلایەن یەكێتییەوە لە سلێمانی گیران، لاهوور شێخ جەنگی لە نیوەشەوێكدا بە هێزێكی گەورە پەلامار درا و خۆی هاوڕێكانی گیران، چەندان كەسیش كوژران و چەندانی تریش بریندار بوون، ئەوی تریشیان شاسوار عەبدولواحید بوو لە رێی پۆلیسەوە گیرا.

ئەگەرچی یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی لە گرتنی ئەو دوو سەركردەیە  ئامانجی دەستەمۆكردنیان بوو، یان لەناوبردنی بەربەستی بەردەم دەسەڵاتەكەیان بوو، بەڵام دوای نزیكەی ساڵێك لە گرتنی لاهوور، هێشتا بافڵ ئەو ئامانجەی بەدەست نەهێناوە و نەیتوانیوە دەستەمۆی بكات.

شاسوار عەبدولواحید ئەگەرچی بەرێگەیەكی شارستانی لە رێی پۆلیسەوە گیرا و هیچ هەڕەشەیەكی لەسەر نەبوو، بەڵام هەرزوو دەستەمۆ كرا و لە گرتووخانە هەموو ئەوەی هەیبوو رادەستی یەكێتیی كرد.

لەمبارەیەوە شۆڕش فارس كە چاودێرێكی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، بۆ"وشە" گوتی، شاسوار كە زانی سامانەكەی كەوتووەتە مەترسییەوە، یەكڕاست بۆچوونی گۆڕی و لە هەموو ئەو شتانەی پێشوو كە ئاماژەی پێدەدان و وەك هێزێكیش بۆی دامەزران و كاریان بۆی دەكرد و خەڵكی لە چواردەوردا كۆ كردەوە، پەشیمان بووەوە.

گوتی، دەركەوت لاهوور كەسێكی بەڕەوشت بوو چ لەگەڵ هاوڕێكانی و چ لەگەڵ بیروڕاكانی خۆیشی، ئەو نزیكەی ساڵێكە بەشێوەیەكی نایاسایی و نادادپەروەرانە لە گرتووخانەیە و فشاری دنیای لەسەرە، بەڵام تا ئێستە لە بیڕوراكانی پاشگەز نەبووەتەوە، دەستبەرداری كەسایەتیی خۆی نەبووە و نەچووەتە ژێر فشاری هەڕەشەكان و بۆیان دەستەمۆ نەكراوە.

شۆڕش باسی لەوە كرد، ئەگەر لاهووریش وەك شاسوار دەستەمۆ بكرایە، دەمێك بوو ئازاد كرابوو و هەموو كێشەكانی بۆ چارەسەر كرابوو، دەیتوانی خۆش بژی، چیی پێویست بوایە بۆی دابین دەكرا، بەڵام ئەو وای نەكرد و لە باوەڕی خۆی پاشگەز نەبووەتەوە.

بەبڕوای ئەو چاودێرە، شاسوار هیچ باوەڕێكی نەبووە بەتایبەت بەو قسانەی كە دژی پارتی و یەكێتی دەیكرد، ئەو بازرگان بووە و هاتبوو پارە پەیدا بكات، سەرەتا بە رێگەی دژ پارەی دەست كەوت، دواتر كە زانی ئەو رێگەیە  وەك بازرگان كۆتایی پێ دێنێت، ئێستە رێگەی خۆڕادەستكردنی هەڵبژارد، ئەمە وەك بازرگان پاراستی، بەڵام وەك سیاسی و كەسێكی خاوەن پرەنسیپ دەستی ئاشكرا بوو، چیتر ناتوانێت وەك كەسێكی سیاسی بەردەوام بێت، ئەوەش لەبەر یەك هۆكاری بچووك، خەڵك دەزانن كەسێكی بێ پرەنسیپە و لاوازە لە بەردەم پارەدا.



وشە - سۆران عەزیز