د. بورهان یاسین رای گەیاند، تا ساڵی 2023 ڕێژەی دانیشتووانی عەرەب لە هەرێمی كوردستان گەیشتبووە 26%، بەڵام ئەو رێژەیە ئێستە گەلێك بەرز بووەتەوە.
د. بورهان یاسین لە گوتارێكی نوێیدا مەترسییەكی رژد لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو و دەڵێت، بۆ نەتەوەیەكی بێ دەوڵەت، لەدەستدانی خاك ئاسانە و گەڕاندنەوەی زۆر ئەستەمە.
د. بورهان باس لەوە دەكات كە ئێستە لە باشووری كوردستان پرۆسەیەكی زۆر مەترسیدار بەڕێوە دەچێت، ئەویش هاتنی بە لێشاوی عەرەبە بۆ هەرێمی كوردستان. واتە دەرەنجام لەم پرۆسەیەدا، "بەعەرەبكردنی بێدەنگ"ی كوردستان بەڕێوە دەچێ، بەعەرەبكردنێك كە دەبێتە هەڕەشەی رژد لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی باشووری كوردستان.
ئەو دەڵێت بەپێی زانیارییەكان، سێ ساڵ بەر لە ئێستە واتە تا ساڵی 2023 یەك ملیۆن و 32 هەزار لە دانیشتووانی هەرێمی كوردستان عەرەب بووە، واتە كەم یا زۆر، دەكاتە 26% لە دانیشتووانی هەرێم. هەر بەپێی ئەو زانیارییانە 179 خوێندنگەی عەرەبی هەبووە، هەروەها تا ئەو كاتە 32 هەزار منداڵی عەرەب لە هەرێمی كوردستان لە دایك بوون و "ناسنامەی" كوردستانیان بۆ كراوە.
بەبڕوای د. بورهان یاسین، دیاردەی بەعەرەبكردن ئەوەیە كە كورد نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتە و دەكرێ لەدەستدانی هەر مەترێك چوارگۆشەی خاك، ببێ هۆی ئەوەی ئەو نەتەوە بێ دەوڵەتە، لە پرۆسەیەكی دوور و درێژی لەدەستدانی خاكدا، یەكێك لە بنەما و ستوونە بنچینەییەكانی نەتەوەبوون و پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی لە دەست بدات.
" بۆ كورد خاك یەكێكە لەو دوو خەندەقە (یەكێكیان زمان و ئەویتریش خاك) هەرە گرنگ و گەوهەرییەیە كە لە ئاكامی لەدەستدانیاندا، توانای بەرگری لە مانەوەی خۆی و تەواوی پرسە نەتەوەییەكەی لە دەست بدات. بۆ نەتەوەی بێ دەوڵەت، بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەی خاوەن دەوڵەت، لەدەستدانی خاك زۆر ئاسانترە، كاتێكیش لەدەستی بدات، گەڕاندنەوە و ئازادكردنی زۆر ئەستەمە". د. بورهان وا دەڵێت.
باسی لەوەش كردووە، بەعەرەبكردنی بێدەنگیی هەرێمی كوردستان و نەبوونی میكانیزمێك و بنەمایەكی یاسایی و دەستووری، كە یارمەتیی كورد بدات بۆ ئەوەی بەو میكانیزمە رێگە لەو هاتنەی بە لێشاوی عەرەب بگرێ، لاوازیی و كەموكورتیی مەترسیداری بنەماكانی ئەو سیستمی فیدراڵییە دەردەخات.
ئەوەشی گوتووە، پرۆسەكە ئەوەیە كە دروشمی "برایەتیی كورد و عەرەب" نەك هەر دروشمێكی پڕ كێشەیە، بەڵكو راستییەكەی دەكرێ لە كاتی جێبەجێكردنیدا، داگیركار بكات بە خاوەن ماڵ، واتە باوەڕبوون بەو دروشمە باشترین دەروازەیە بۆ ئەو بەعەرەبكردنە بێدەنگ و نەرمە، كە ماوەیەكی زۆرە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت.