ئامادەكاری بۆ داچاندنی قۆناغی دووەمی پشتێنەی سەوزایی دەستی پێ كردووە، ئێستە كارەكانی چووەتە قۆناغی وردەكارییەكان و لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەكات.
ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز، هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێستە ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی پشتێنەی سەوزایی دەستی پێ كردووە.
زیاتر گوتی، دەمانەوێ پێش دەستپێكردنی داچاندن، لەم قۆناغە سەرجەم كێشەی جووتیاران چارەسەر بكرێت.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتووە، لە نێوان 15ـی مانگی نۆ 25ـی مانگی نۆ ئەو قۆناغە دەست پێ دەكات.
پشتێنەی سەوزایی هەولێر، بە درێژایی 70 كیلۆمەتر و پانی دوو كیلۆمەتر، بەشێوەی بازنەیی بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە، دەكەوێتە دوای شەقامی 150 مەتری و زیاتر لە 10 بۆندی دەستكرد بۆ ئاودانی دارەكان دروست دەكرێن، بەتەواوبوونی هەولێر دەچێتە قۆناغێكی نوێی جوانی و پاكی ژینگەییەوە.