دەركەوتنی عەدنان عوسمان لەگەڵ شاندەكەی قوباد تاڵەبانی لە ئەلبانیا، ناڕەزایی گۆڕانخوازانی پێشووی لێ كەوتووەتەوە و دەڵێن، چەندە ئاسان سەنگەر دەگوازنەوە.
عەدنان عوسمان هەڵسووڕاو و پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، پێش گۆڕانیش وەك كەسێكی سەربەخۆ و سەرنووسەری رۆژنامەی هاووڵاتی بووە، پێشتریش بەرپرسی راگەیاندنی حزبی زەحمەتكێشان بووە.
ئەو گرووپەی گۆڕان كە بەشێكیان لەسەر دەنگی گۆڕانخوازان بوونە پەرلەمانتار و وەزیر و كاربەدەست، لەگەڵ كۆتایی گۆڕاندا ئەوانیش هەریەكەیان چوونە ناو حزبێكەوە، بەشێوەیەك پێگەی خۆیان لەناو پارتی و یەكێتی جێگیر كردەوە.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دەركەوتنی یەكێك لە سەرسەخترین رەخنەگرانی پارتی و یەكێتی لەناو شاندەكەی قوباد تاڵەبانی بۆ ئەلیانیا، بووە جێی سەرنجی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، عەدنان عوسمان وەك راوێژكار و كەسی نزیكی قوباد تاڵەبانی بەشداربوو.
كۆمێنتنووسان بۆ وێنەكەیان نووسیوە، ئەو گۆرانخوازە پێشتر باسی گۆڕینی دەكرد، چی وایكردووە ئێستە ببێتە ئەندامی نووسینگەی جێگری سەرۆكی حكوومەت، ئایا یەكێتی هەر یەكێتییەكەی جاران نییە كە ئەو لەناو گۆڕان بەناوی گۆڕانگارییەوە دژایەتیی دەكرد؟ ئایا نەدەكرا وەك سەربەخۆ یان كەسێكی چاودێری بێلایەن لەسەر فكری پێشووی بەردەوام بێت؟ چەندە ئاسان سەنگەر گواستنەوە و دژایەتی كردنی راكانی پێشووی خۆت.