ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 رادەگەیەنرێت و قەرەبووی هەڵەكانیش كراوەتەوە

:: AM:11:26:09/07/2026 ‌
وەزارەتی پەروەردە قەرەبووی ئەو پرسیارانە دەكاتەوە كە بۆ پۆلی 12ی زانستی و ئامادیی هەڵەیان تێدا بووە، بڕیارە ئەمڕۆش ئەنجامەكان رابگەیەنێت.

سەیوان فەرەج بریكاری وەزارەتی پەروەردە ڕای گەیاند، بۆ ئەوەی قوتابییان لە دڵەڕاوكێ ڕزگار بكەین، هەوڵ دراوە زووترین كات ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی وەزاری پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەردوو بەشی وێژەیی و زانستی بڵاو بكەنەوە.

بریكاری وەزارەت ئاماژەی بەوە كردووە، هیچ رێوڕەسمێك بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان و دەستنیشانكردنی ناوی یەكەم و دووەم و سێیەمەكان ئەنجام نادرێت، بەڵكو لە ڕێگەی لینكی تایبەتی وەزارەتی پەروەردەوە ئەنجامەكان ڕادەگەیەنرێن و هەر قوتابییەك تەنیا نمرەی خۆی دەبینێت.

لەبارەی نمرە و پرسیارەكانی تاقیكردنەوەكان ڕوونی كردەوە، هەر پرسیارێك هەڵەی تێدا بووبێت لە بەرژەوەندیی قوتابیان قەرەبوو كراوەتەوە، بە جۆرێك هەندێك پرسیار هەبووە گشت وەڵامەكانیان بە ڕاست داناوە و نمرەیان بۆ زیاد بووە، یان ئەوەتا لە پرسیارەكەدا دوو وەڵامیان بە ڕاست ئەژمار كردووە.

بریكاری وەزارەتی پەروەردە لەبارەی وانەی عەرەبی گوتی: "بەپێی بەدواداچوونەكان لە وانەی عەرەبیدا هیچ هەڵەیەكی پرسیار نەبووە، بەڵام پرسیارەكان ئاستیان بەرزتر بووە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندان مامۆستای پسپۆڕ هێنراون بۆ هەڵسەنگاندنی پرسیارەكان و دەركەوتووە كە تەنیا هەندێك وشە هەبووە هەڵەی زانستی نەبووە.

سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە" راگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەم ئەنجامی تاقیكردنەوە وەزارییەكانی پۆلی 12 رادەگەیەنرێت. سیستمەكە بەتەواوی ئامادەیە و هەموو ئامادەكاری و رێكارەكان كۆتاییان هاتووە."



وشە - سۆران عەزیز