گفتوگۆ بۆ لێكنزیكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان دەستی پێ كردووە، ئێستە لایەنەكان باسی تەوەری گفتوگۆكان دەكەن بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوو بیخە بەرباس.
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی تەمووز، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە نێوان لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆ هەیە تا هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەیەكی سیاسی بەڕێوە بچێت.
ئەوەیش زانراوە، هەفتەی داهاتوو هەردوو حزبی یەكەم و دووەمی كوردستان (پارتی و یەكێتی) لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنەكانی تری پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبنەوە، بەڵام تا ئێستە بڕیاری كۆتایی نەدراوە.
ئەوەیش زانراوە، ئەو گفتوگۆیە بە ئاسۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان و دروستكردنی كابینەی 10 بەشێوەیەكی بنكەفراوان، سەرەتاش لە پەرلەمانی كوردستان دەست پێ دەكرێت.
ئەوەیش زانراوە، دوو لایەن هەوڵیان داوە ئەو كۆبوونەوەیە بكرێت و بەئامادەبوونی هەموویان كێشەكان چارەسەر بكرێن، ئەوانیش یەكگرتووی ئیسلامی و لایەنی ئەمەریكییە كە پێدەچێت نوێنەری ئەمەریكاش ئامادە بێت .