دۆسیەكەی عەبدولەتیف سەلەفی لە دەزگای زانیارییەوە دزەی پێ كرا

:: PM:03:16:09/07/2026 ‌
دۆسیەی تۆمارە دەنگییەكانی دكتۆر عەبدولەتیف سەلەفی كە ماوەی مانگێكە باسی گەرمی ناو كوردستانە، بەگوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ "وشە"، لە دەزگای زانیاریی یەكێتییەوە دزەی پێ كراوە و هەندێك لە كچەكانیش هەر دەزگا چاندوونی.

دكتۆر عەبدولەتیف سەلەفی رابەری ڕەوتی سەلەفییەكانی كوردستان، دوای بڵاوكردنەوەی تۆمارە دەنگییەكانی لەگەڵ كچێكدا كە دەگوترێ خوێندكاری خۆی بووە، دۆسیەكەی گەورە بوو و لیژنەی لێكۆڵینەوەی زانكۆ، تۆمەتەكەیان بەسەردا سەپاند و وەزیری خوێندنی باڵا راپۆرتەكەی قبووڵ كرد و مافی فەرمانبەریی لێ سەندەوە. 

سەرچاوەیەكی تەناهیی یەكێتی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، "دۆسیەی عەبدولەتیف سەلەفی تەنیا لە دەزگای زانیاریی هەبوو، بۆیە هەر لەوێشەوە دزەی پێ كراوە و هەندێك لە كچەكانیش دەزگا چاندبوونی، بۆ ئەوەی وەك بەڵگەیەك لە بەردەستیدا هەبێت و لە كاتی پێویست گوشار بخاتە سەر ئەو مامۆستا ئاینییە كە جەماوەری زۆرە".

لەبارەی هۆكاری بڵاوكردنەوەی لەم كاتەدا؟ سەرچاوەكەی "وشە" گوتی، "باوەڕ ناكەم بە ئەنقەست یەكێتی بڕیاری بڵاوكردنەوەی دابێت، بەڵام جۆرێك ململانێ لەناو دەزگای زانیاریدا هەیە لە نێوان لایەنگرانی كوڕانی كۆسرەت رەسووڵ و كوڕانی تاڵەبانیدا، بۆیە بە ئەگەری زۆر یەكێك لەو تەرەفانە دژی ئەویتر دزەی بەو تۆمارە دەنگییانە كردووە، چونكە لە ماوەی رابردوودا كێشە لە نێوان هەردوولایاندا هەبوو لەسەر گۆڕینی چەند فەرماندەیەكی سەربازیی لەناو هێزەكانی یەكێتی و دانانی خەڵكی تر لە جێیان".

"وەك لە تۆمارە دەنگییەكەی كچەكە و مەلاكەدا دیارە لەناو ئۆتۆمبێلدان، خەڵكی وریا یەكسەر دەزانێ كە كچەكە ئامێری تۆماركردنی دەنگی پێوە بەستراوە و جۆری پرسیارەكانیشی لە عەبدولەتیف و قسەكانی، بە ڕوونی دیارە كە دەیەوێ قسەی پێ دەربێنێت و بەهەڵەیدا ببات، ئەگەرنا كچی تر ئەم رۆڵە نابینێت لە پێوەندییەكی خۆشەویستیدا، بەڵام ئەمەیان چێنرابوو هەتا مەلاكە بخاتە داوی خۆیەوە و سەركەوتووش بوو"، سەرچاوەكەی "وشە" وای گوت.

دووپاتیشی كردەوە كە دۆسیەی یەكەمی عەبدولەتیف و چاوانیش هەر لە دەزگای زانیارییەوە دزەی پێ كرا و لەوێ دەنگ و نامەكانی مامۆستا و چاوان كە ئێستە هاوسەریەتی، تۆمار كرابوو. بەگوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، "دۆسیەی چاوانیش هەر لە ململانێیەكی ناو دەزگای زانیارییەوە دزەی پێ كرا".

دكتۆر عەبدولەتیف سەلەفی ئێستە بە گەشتێك لە بەریتانیایە و دیار نییە دەگەڕێتەوە یان نا.



وشە - وشه‌