ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی تەمووزی 2026، دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "وشە" ڕای گەیاند، سێکتەری وەبەرهێنان لە سایەی کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە و لە ساڵی 2019ەوە تا نیوەی یەکەمی ساڵی 2026، مۆڵەت بە 856 پڕۆژە دراوە.
دکتۆر محەمەد شوکری ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پڕۆژانە بە سەرمایەی زیاتر لە 25 ملیار و 298 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێن، و گوتی، ئەم پڕۆژانە لەسەر ڕووبەری 73 هەزار و 474 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێن، کە ئەمەش زۆرترین ژمارەی پڕۆژەیە لە مێژووی تەمەنی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستاندا کە مۆڵەتی پێ درابێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕوونیشی کردەوە، یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی حكوومەت، دابەشبوونی دادپەروەرانەی پڕۆژەکان بووە بەسەر سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا. بە جۆرێک لە پارێزگای هەولێر 365 پڕۆژە، سلێمانی 170، دهۆک 166، هەڵەبجە 12، گەرمیان 64، ڕاپەڕین 34، زاخۆ 31، و سۆران 14 پڕۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە، کە بە کۆی گشتی 73 هەزار و 650 هەلی کاریان دابین کردووە.
ئاماژەی بەوەش دا، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و قەیرانە داراییەکان، بە پاڵپشتی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا سیاسەت و بەرنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری فرەچەشنکردنی ئابووری و گرنگیدان بە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری پەرەی پێ بدرێت.
لەبارەی کەرتە جیاوازەکانەوە گوتی، بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری لە ڕێگەی دروستکردنی بەنداوەکانی گۆمەسپان، خنس و بەستۆرە، و پەرەپێدانی پڕۆژەی 24 سەعاتیی کارەبا و ڕێگاوبانەکان، ڕۆڵێکی گەورەیان لە گەشەی وەبەرهێناندا هەبووە. هەر بۆیە مۆڵەتمان بە 30 پڕۆژەی کشتوکاڵی، 118 پڕۆژەی گەشتیاری، و 205 پڕۆژەی پیشەسازی داوە.
وشە/ كرمان فەتاح