لەپێناو بەهێزكردنی ژێرخانی خۆراك و پیشەسازی و پشتگیریكردنی بەرهەمی ناوخۆیی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا دەیان پڕۆژەی وەكوو سایلۆ، كارگە، خانووی پلاستیکی و كۆگای ساردكەرەوەی جێبەجێ كردووە.
بەپێی داتاكان، كۆتایی بە دروستكردنی چوار سایلۆی ستراتیجی هاتووە كە كۆی گشتیی توانای هەڵگرتنیان 160 هەزار تۆنە و بە گوژمەی 90 ملیار دینار جێبەجێ كراون. سایلۆكان بریتین لە سایلۆی قوشتەپە بە توانای 40 هەزار تۆن و تێچووی 21 ملیار دینار، سایلۆی كەلاریش بە هەمان توانا و بە تێچووی 21 ملیار دینار، هەروەها سایلۆی ڕۆڤیا بە توانای 40 هەزار تۆن و تێچووی 20 ملیار دینار، لەگەڵ سایلۆی هەڵەبجە بە توانای 40 هەزار تۆن و تێچووی 28 ملیار دینار. هاوكات بڕیارە لە داهاتوودا چەند سایلۆیەكی تر لە دهۆك، زاخۆ، كفری، كۆیە و هەریر دروست بكرێن.
لە بەشێكی تری داتاكاندا هاتووە كە ئاسانكاری كراوە بۆ پێدانی هەزاران مۆڵەت بە كۆمپانیاكان، بە جۆرێك ژمارەی كۆمپانیا تۆماركراوەكان گەیشتووەتە 13 هەزار و 943 كۆمپانیا. هەروەها هەزار و 341 كارگە، 319 كۆگای ساردكەرەوە و 30 هەزار خانووی پلاستیکی دامەزراون بۆ برەودان بە بەرهەمی ناوخۆ.
لەبارەی هەناردەكردنی بەرهەمەكان، ئاماژە بەوە دراوە كە بەرهەمی جووتیاران و كارگە ناوخۆییەكانی كوردستان بە ڕێژەیەكی بەرچاو بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق نێردراوە، كە قەبارەكەی بە سەدان هەزار تۆن مەزەندە دەكرێت. هەروەها بۆ یەكەمین جار، بە دەیان هەزار تۆن بەرهەمی جووتیارانی كوردستان هەناردەی بازاڕەكانی كەنداو و جیهان كراوە.
ئەو بەرهەمانەی هەناردە كراون بریتین لە برنج، سماق، تەحین، هەنار، هەنگوین، سێو، قارچك، پەتاتە و چەندین بەرهەمی تر. بەهۆی ئەم هەنگاوانەوە، ڕێژەی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی كە لە ساڵی 2018 تەنیا 1.8٪ بوو، بەشێوەیەكی بەرچاو بۆ 12٪ لە ساڵی 2025 بەرز بووەتەوە.