ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەزگایی میدیایی وشە تیشکی خستە سەر دەستکەوتە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی.
پارێزگاری هەولێر رای گەیاند کە ئەم کابینەیە لە ڕێگەی گەورەترین شۆڕشی ئاوەدانکردنەوەوە، ڕۆڵێکی مێژوویی و ستراتیژی لە گۆڕینی سیمای شاری هەولێر و پاراستنی ژێرخانەکەی گێڕاوە. ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەتی هەرێم تەنیا لە سێکتەری ڕێگەوباندا زیاتر لە 1,119 پڕۆژەی بە گوژمەی 4 ترلیۆن و 300 ملیار دینار لەسەر ئاستی هەرێم خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەشێکی گەورەیان بەر پارێزگای هەولێر کەوتووە.
پڕۆژە ستراتیژییەکانی ڕێگاوبان
پارێزگاری هەولێر وردەکاری پڕۆژە گرنگەکانی ڕێگاوبانی خستەڕوو و وتی: "شەقامی بازنەیی 150 مەتری خێرا یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم کە بە چەند قۆناغێک بەشێکی زۆری تەواو کراوە و قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەر شەقامەکانی ناوخۆ کەم کردووەتەوە."
زیاتر گوتی: "تەواوکردنی قۆناغەکانی شەقامی 120 مەتری، کە بەهۆی قەیرانەوە ڕاوەستابوون، لەم کابینەیەدا بە کۆتا هێنران، هەروەها شەقامی 60 مەتری نوێ لە ئێستەدا کاری تێدا دەکرێت بۆ بەستنەوەی هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری پێکەوە."
ئومێد خۆشناو دەشڵێت: "پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - گۆمەسپان بە کوالێتییەکی جیهانی و لە ماوەیەکی پێوانەییدا تەواو کرا. هەروەها پڕۆژەی دووسایدی هەولێر - کۆیە کە بە یەکێک لە گرنگترین و ستراتیژیترین پڕۆژەکان دادەنرێت، لەم کابینەیەدا بە بڕیارێکی بوێرانە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە."
پارێزگاری هەولێر ڕوونیکردەوە کە ئەم ڕێگەیە تەنیا کێشەی نێوان هەولێر و کۆیە چارەسەر ناکات، بەڵکو شادەماری بەستنەوەی هەولێرە بە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان. گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و بازرگانی و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان."
پڕۆژەکانی کەرتی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی لافاو
سەبارەت بە کەرتی ئاو، ئومێد خۆشناو ڕای گەیاند: "کابینەی نۆیەم بە تەرخانکردنی زیاتر لە 266 ملیار دینار، ستراتیژیەتی هەولێری لە مەترسی لافاوەوە گۆڕی بۆ دەرفەتی گڵدانەوەی ئاو."
زیاتر گوتی: "بەنداوی ستراتیژی گۆمەسپان بە گوژمەی 95 ملیار دینار دروستکراوە و توانای کۆکردنەوەی 97 ملیۆن مەترسێجا ئاوی هەیە. ئەم بەنداوە جگە لە دابینکردنی ئاوی پاک، ئاستی ئاوی ژێرزەویش بە ڕێژەیەکی پێوانەیی بەرز دەکاتەوە."
دەشڵێت: "پڕۆژەی ستراتیژی گەیاندنی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر وەک فریادڕەسێک بۆ کێشەی کەمئاوی جێبەجێ کرا، کە کێشەی بێئاوی لە زیاتر لە 50 گەڕەکی سەرەکی هەولێر شارەسەر کرد."
پڕۆژەی نیشتمانیی ڕووناکی بۆ کارەبا
لە بەشێکی تردا، پارێزگار تیشکی خستە سەر کەرتی کارەبا و گوتی: "پڕۆژەی نیشتمانیی ڕووناکی یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە مێژووییەکانی کابینەی نۆیەم، کە خەونی دابینکردنی کارەبای 24 سەعاتی کردە ڕاستی."
زیاتر گوتی: "بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە، زیاتر لە 3,200 مۆلیدەی ئەهلی لە هەولێر کوژانەتەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی بێوێنەی لەسەر کەمکردنەوەی پیسبوونی کەشوهەوا و پاککردنەوەی هەوای پایتەخت هەبووە."
دەشڵێت: "بەپێی ئەو پلانەی ڕێزدار مەسرور بارزانی دایڕشتووە، تا کۆتایی ساڵی 2026 پڕۆژەی ڕووناکی کارەبای 24 سەعاتی بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان دابین دەکات."
کەرتی ژینگە و ماستەرپلانی نوێی پایتەخت
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد کە کابینەی نۆیەم گرنگییەکی بێوێنەی بە پشتێنەی سەوزایی پایتەخت داوە و وتی: "پارکی گەورەی زەیتوون و پارکی 120 مەتری نموونەی ئەو پڕۆژە ژینگەییانەن. هەروەها هەڵمەتی چاندنی 1 ملیۆن دار بە ڕێنوێنی ڕاستەوخۆیی سەرۆکی حکوومەت بەردەوامە."
زیاتر گوتی: "پڕۆژەی وێستگەی چارەسەرکردن و ڕیسایکلینی ئاوی قورسی هەولێر، گەورەترین پڕۆژەی ژێرخانی ژینگەییە کە بە تێچووی 579 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت."
لە کۆتاییدا، پارێزگاری هەولێر باسی لە ماستەرپلانی نوێی پارێزگای هەولێر کرد: "ئەم ماستەرپلانە نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژییە بۆ گۆڕینی پایتەخت بۆ شارێکی هۆشمەند و گەشتیاری تا ساڵی 2050، کە دروستکردنی شەقامی 200 مەتری و سیستمی ترام لەخۆدەگرێت."
ئامادەكردنی : كرمانج فەتاح