راوێژكاری سەرۆكی حكوومەت بۆ كاروباری تەندروستی رای گەیاند، سەرەڕای كۆرۆنا، پیلانگێڕی دژی یاسای نەوت و گاز، نەناردنی بەشە بودجە كە مانگانە تریلیۆنێك و 200 ملیار دۆلار بوو، كەچی حكوومەتی هەرێم بەپێوە وەستا و چەندان دەسكەوتی گەورەی هەبوو.
محەمەد حاجی راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، كورتە نووسینێك و هەندێك وێنە و داتای بۆ "وشە" ناردووە و تێیدا رای گەیاندووە، خۆزگەم دەخواست كە كابینەی نۆ لە چوار ساڵ زیاتری نەخایاندایە و ئێستە كابینەی 10 لە كار بوایە.
حاجی دەڵێت، خۆزگە كارەساتی كۆرۆنا یەخەی دنیا و كوردستانی نەگرتایە. پیلانگێڕی دژی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان نەدەكرا. خۆزگە دوای رادەستكردنی نەوت بەبەغدا وەك هەندێ لایەن موژدەیان دەدا و نوقڵیان دەبەخشییەوە، بودجەی تەواوی هەرێمی كوردستان دەهات كە مانگانە نزیكەی تریلیۆنێك و 200 ملیار دۆلارە، داهاتی ناوخۆ و خاڵە گومرگییەكان بەتەواوی ڕادەستی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێم دەكرا. لە ناوخۆ و لە دەرەوە ئەوەندە بێ هۆكاری ناپەسند و بێ بنەما دژایەتیی ئەم كابینەیە نەدەكرا.
ئەو یاریدەدەرەی سەرۆكی حكوومەت باسی لەوەش كردووە، سەرەڕای هەموو ئەو خۆزگانەی سەرەوەش، ئینجا پڕۆژە و كارەكانی كابینەی نۆ لەم پۆستەدا دادەنێم. خۆتان و ویژدانتان هەڵیبسەنگێنن.
لە كۆتایشدا ئاماژەی بەوە داوە، هیوادارم هەموو كابینەكانی پێشووی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا بەرهەمی كار و دەستكەوتەكانی خۆیان ڕابگەیەنن، بۆ ئەوەی هاووڵاتیی كوردستان و عێراق بتوانن بەراوردێك لە نێوان كابینەكان بكەن و بە ویژدانەوە بڕیار بدەن كێ كار و پڕۆژەی باشتری كردووە.